"دەستەی وانەبێژانی ناڕازی" سەبارەت بە شکاندنی بایکۆت، وەڵامی داواکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستانی دەداتەوە و دەڵێت، بەردەوامی بە بایکۆت دەدەن تاوەکو بەجێگەیاندنی داواکارییەکانیان. نوێنەرێکیان دەڵێت، داواکارییان دامەزراندنیانە بە شێوەی گرێبەست.
دەستەی وانەبێژانی ناڕازی لەبارەی داواکاریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام لە پەروەردەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەر لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە 13 پەروەردە بایکۆت و خۆپێشاندان کراوە و ئەمساڵ دەرگەی قوتابخانە نەکراونەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای 17 رۆژ لە بایکۆت و خۆپێشاندان، کە هەزاران مامۆستا بایکۆتی کردووە و هەزاران قوتابی بێبەشکراون لە پڕۆسەی خوێندن، چاوەڕێ بووین حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەڵامی داواکاریی مامۆستایانی وانەبێژ بداتەوە، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوە، وەزارەتی پەروەردە سوپاسی مامۆستایان دەکات و سوپاسیش گیرفانی بەتاڵی وانەبێژانی گەرم نەکردووەتەوە لە ئێستا و رابردوودا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تاوەکو ئەمڕۆ وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەممووزیان وەرنەگرتووە کە 100 بۆ 200 هەزار دیناری مانگانەیە.
دەستەی وانەبێژانی ناڕازی دەڵێت، "وەزارەتی پەروەردە لەجیاتی فشارکردن لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەت بۆ ئەوەی هەرچی زووە نووسراوی دامەزراندن بخاتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە و بڕیار لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بدات، بەداخەوە دەیەوێت لە رێگەی پەروەردەکانەوە فشار بکات بۆ کردنەوەی دەرگەی ناوەندەکانی خوێندن و شکاندنی بایکۆت".
ئەو وانەبێژانە دەڵێن، راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە "گەرمتر و سوورتر"یان دەکات لەسەر داواکارییەکانیان و درێژەدان بە بایکۆت و خۆپێشاندانەکان؛ ئاماژە بەوەش دەکات سبەی چوارشەممە خۆپێشاندانی مامۆستایانی وانەبێژ بەڕێوەدەچێت لە سەرجەم ئەو پەروەردانەی بایکۆتیان تێدایە.
راگەیێندراوەکە دوای راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هاتووە کە تێیدا هاتبوو، "مووچە مافێکی بنەڕەتیی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و ئێمە سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەین. هەموو لایەکیش دۆخی دارایی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو دۆخە دەزانین کە رووبەڕووی کوردستان کراوەتەوە. زیاتر لە دوو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردووە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە".
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، مووچە مافی بنەڕەتیی مامۆستایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ؛ داواشی کردووە، "هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوودا زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن".
لە 13ـی ئەیلوولەوە کە بڕیار دراوە دەوامی خوێندن دەستپێبکات، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، هیچ قوتابخانەیەک دەوامی نەکردووە، چونکە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکیش بایکۆتی دەوامیان کردووە.
لەبارەی داوای مامۆستایانی ئەو ناوچانەوە، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، داوای وانەبێژان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وانەبێژییەوە بیانکات بە گرێبەست بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن. گوتیشی، "مامۆستایانی میلاکیش بۆ گەڕانەوە، داوای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول پێکەوە دەکەن".
لە 25ـی ئەیلوولەوە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تاوەکو 8ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت، ئەوەش بە هۆکاری ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.
سەرچاوە/ ڕووداو