ئەختەری ڕەشۆڵ؛ ژنە ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕێکی کورد



ئەمڕۆ ٦٧ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی "ئەختەری ڕەشۆڵ”ـدا تێدەپەڕێت، کە یەکێکە لە نموونە دیارەکانی ژنانی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی باشووری کوردستان و لە خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرادا دژی داگیرکاریی ئینگلیز شەهید بوو.

مێژووی کورد، پڕییەتی لە ژنانی تیکۆشەر و ڕووناکبیر، کە ڕۆڵ و کاریگەریی گەورەیان هەبووە لە هۆشیارکردنە و پێشخستی کۆمەڵگا، هاوکات لە تێکۆشان لە پێناو ئازادییدا پێشەنگ بوون.

ئەختەری ڕەشۆڵ کێیە؟

ئەختەری ڕەشۆڵ، کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هاوسەری ڕەشۆڵ عەبدوڵای گۆرانیبێژی دیاری سلێمانی بووە.

ئەختەر بەردەوام خولیای ئازادیی و خەبات و تێکۆشان هەبووە و لە مەیدانی سیاسەت و شۆڕشگێڕییدا وەک ژنە پێشەنگێک لە خەبات دانەبڕاوە و بەردەوام بەشداریی چالاکییەکانی ئەو کاتەی کردووە.

ئەختەری ڕەشۆڵ، خوێندەوار بووە و یەکێک بووە لە ژنە بەهێزەکانی شاری سلێمانی و خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی تایبەت بووە، بە هۆی ئەوەشەوە، کە هاوڕێ و دۆستی حەپسەخانی نەقیب و زەکیە بابان بووە، ڕۆڵێکی باڵکێشی هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمەدا و یەکێک بووە لە ژنە خاوەن پایە و کەسایەتییە چالاکەکان.

لە ڕۆژی ١١ـی تشرینی یەکەمی ١٩٥٦ لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لە کاتی هێنانەوەی تەرمی شێخ مەحموودا، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵک درووست دەبێت، هەر بۆیە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران دەکرێت و لە ئەنجامدا ئەختەری ڕەشۆڵ، کە لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدا دەبێت لە بەردەرکی سەرا لەو کاتەدا و لە تەمەنی ٢٧ ساڵییدا شەهید دەبێت و هەر لە شاری سلێمانی دەنێژرێت، هەر بەهۆی تەقەکردنەکەشەوە کەسێکی دیکەش شەهید دەبێت و نزیکەی ٥٠ هاوڵاتی دیکەش بریندار دەبن.

بۆ بیرهێنانەوە و زیاتر هێشتنەوەی ناو و کەسایەتی ئەو ژنە شۆڕشگێڕە لەلایەن چێنەر نزاری پەیکەرسازەوە پەیکەرێکی بۆ درووست کرا، لە ڕۆژی ٢٤ـی تەمووزی ٢٠١٩ هەر لە بەردەرکی سەرا لە شاری سلێمانی و لەو شوێنەی لێی شەهید کرا، پەردە لەسەر پەیکەرکەی لادرا.














سەرچاوە/ ڕۆژنیوز



AM:11:00:11/10/2023




ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌