بە هەوڵی ژنێکی کورد زمانی کوردی لە زانکۆیەکی ئەڵمانیا دەخوێندرێت



لە ئەمڕۆوە لە زانکۆی کیلی ئەڵمانیا قوتابییان دەتوانن لە تەنیشت زمانەکانی دیکەی جیهان، فێری زمانی کوردیش ببن و بڕیارە لە مانگی چواری ساڵی داهاتووەوە، زمانی کوردی لە هەرێمی کیلی ئەڵمانیا ببێتە زمانی فەرمی.
 
ئەمە بەرهەمی هەوڵ و ماندووبوونی خانمە پەرلەمانتاری کورد سەیران پاپۆیە، کە خاوەنی دەستپێشخەرییەکەیە. لە رێوڕەسمی دەستپێکردنی وانەی کوردی لە زانکۆی کیل کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، سەیران پاپۆ باسی وردەکاریی پڕۆژەکەی کرد.
 
سەیران پاپۆ رایگەیاند، "ئەم پڕۆژەی ئێمە بۆ زمانی کوردییە لە هەرێمی کیل، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان پێشتر بەڵێنم دابوو کە زمانی کوردی بخەینە زانکۆ یاخود خوێندگەکان، پڕۆژەکە ماوەیەکەی درێژە کاری لەسەر دەکەین، من و پارتەکەم کە پارتی CUD کاری لەسەر دەکەین."
 
پڕۆژەکە مانگێک پێش ئێستا، هەفتەیەک وەکو تێست کرایەوە، لەوبارەیەوە سەیران پاپۆ گوتی، بۆ ئەوەیان بوو کە بزانن کارەکان چۆن بەڕێوەدەچن، کاتێک بۆیان دەرکەوت بەباشی بەڕێوەدەچن و مامۆستا و خوێندکارانیش ئامادەییان نیشاندا بۆ ئەوەی زمانی کوردی بخوێنن، بڕیاریان دا پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن.
 
سەیران پاپۆ باسی لەوە کرد، بەهیوان لە کۆرسەکانی داهاتوودا خوێندکاری زیاتر بەشداری بکەن و زمانی کوردی بخوێنن. 
 
پاپۆ گوتیشی، "لە مانگی چواری ساڵی داهاتووەوە زمانی کوردی دەبێتە زمانێکی فەرمی لە هەرێمەکە، لەکاتێکدا لێرە حەوت زمان فەرمین. وەک زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی، بەڵام بەداخەوە کوردی تێدانەبوو، بەڵام لەمانگی چواردا کوردیش دەبێتە فەرمی."
 

 














سەرچاوە/ ڕووداو



PM:01:04:02/12/2023




ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌