مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی و گەرمیان گردبوونەوە




مامۆستایانی ناڕازی و فەرمانبەران لە سلێمانی و گەرمیان لە خۆپێشاندان و گردبوونەوە بەردەوامن و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 03-12-2023 لە کاژێر 10:00ی بەیانییەوە مامۆستایانی ناڕازی و بەشێک لە فەرمانبەرانی سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ و شار و شارۆچکەکانی دیکە لەبەردەم پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی گردبوونەوە، جەختیان لە بایکۆتی خوێندن کردەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانن.
 
دوێنێ شەممە، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا داوایان لە پیشەوەران، چین و توێژە جیاوازەکان کرد کە بەشداربن لە خۆپێشاندان و گردبوونەوە ناڕەزاییەکانیان. نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی دەڵێت، "مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەگەڵ بەشێکی دیکەی پیشەوەران هاتوونەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی رۆژئاوا و هەردوو سایدی شەقامەکەیان داخستووە."

وەک پەیامنێری رووداو گوتی، دروشمەکانی خۆپێشاندەران جەخت لە بەردەوامبوونی بایکۆت دەکەنەوە و مامۆستایان و فەرمانبەران دەڵێن "تاوەکو ئەوکاتەی مافەکانیان وەردەگرن، لە بایکۆت و خۆپێشاندان بەردەوام دەبن."
 
بە گوتەی نزار جەزا، لە سنووری سلێمانی تەنیا چەند قوتابخانەیەک خوێندنیان دەستپێکردووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان لە 13ی ئەیلوولەوە کراوەیە.
 
هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەلار دەڵێت، "ئەمڕۆ بەراورد بە گردبوونەوەی هەفتەکانی رابردوو، ژمارەی خۆپێشاندەران کەمترە و تەنیا مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ لەگەڵ ژمارەیەکی کەم لە فەرمانبەران گردبوونەتەوە."
 
لە گەرمیان چەند قوتابخانەیەک دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە و بەگوتەی هونەر حەمید، "دوو یان سێ قوتابخانە دەوامی پۆلی یەک تا نۆیان دەستپێکردووەتەوە و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانیش تەنیا وانەی پۆلی نۆیان تێدا دەخوێندرێت؛ پۆلی 12ـی قوتابییەکانیش لە شارەکان لە خوێندن بەردەوام بوون، بەڵام لە گوندەکان، بەهۆی ئەوەی وانەکانیان لای وانەبێژان دەخوێنن، هێشتا دەستیان بە خوێندن نەکردووەتەوە."
 
بەردەوامیی بایکۆتی خوێندن لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی 9ـی وانەبێژان لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەستیپێکردووە.
 
 
لە 13ـی ئەیلوولەوە دەوامی قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەدەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە و بۆ دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندن داوای جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری دەکەن.
 
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان دەوامیان نەکردووە.
 























سەرچاوە/ ڕووداو



PM:07:30:03/12/2023




ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌