رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: ئێران لە مانگێکدا 122 کەسی لەسێدارەداوە



رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ راپۆرتی مانگی 11ی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەو مانگەدا 122 کەس لەسێدارە دراون، واتە هەر رۆژێک نۆ کەس براونەتە بەر پەتی سێدارە. زۆرترینیشیان بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارە دراون. 
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، رێژەی لەسێدارەدان لە مانگی نۆڤەمبەر بەراورد لەگەڵ مانگی ئۆکتۆبەر 56.6٪ زیادی کردووە. ئەوە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئۆکتۆبەردا 78 بەندکراو لەسێدارە درابوون.
 
هەر بەپێی راپۆرتەکەی هەنگاو، لەو ژمارەیە زیاتر لە 20 کەس کوردن. هەروەها 11 کەس بەندکراوی سیاسی و ئایینی بوون.
لەنێو لەسێدارەدراواندا دوو ژن و دوو مێردمنداڵ هەن. زۆرترین ئەو بەندکراوانەی لە سێدارەدراون، لە پلەی یەکەمدا بەلووچ و پلەی دووەم کوردن.
 
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمدا سزای سێدارەدانی 23 بەندکراوی بەلووچ کە دەکاتە 19٪ـی کۆی گشتیی ئاماری لەسێدارەدراوانی ئەو مانگە، 19 بەندکراوی کورد کە دەکاتە 15.5٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوان و هەروەها هەشت بەندکراوی تورک، پێنج بەندکراوی لوڕ و بەختیاری، پێنج بەندکراوی گیلەک و سێ هاووڵاتیی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستانیش لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون.
 
رێکخراوی هەنگاو باس لەوە دەکات، لەم ئامارە "زۆرترین رێژەی لەسێدارەدراون لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە کە 39 حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەکانی پارێزگای بەلووچستان 13 کەس، پارێزگای فارس 12 کەس و پارێزگای ئیسفەهان پێنج کەس لەسێدارە دراون" و ئەوانی دیکەش لە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون.
 
زۆرترین رێژەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە بووە کە 56 بەندکراو بووە کە دەکاتە ٪46ـی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ئەو مانگە لە بەندیخانەکانی ئێراندا.
 
ئەوانی دیکە بەمشێوەیە بوون: 
 
تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست: 53 کەس
 
تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئایینی: 11 کەس
 
تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: 1 کەس
 
تۆمەتی دزیکردنی چەکدارانە: 1 کەس
 
 

 

 

 













سەرچاوە/ ڕووداو



PM:08:44:03/12/2023




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌