ئەمڕۆ رۆژی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ 'زیاتر لە هەزار و 600 دەزگای راگەیاندن تۆمارکراون'




ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردییە بەناوی کوردستان، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، زیاتر لە هەزار و 600 دەزگا یان ئامرازی راگەیاندن بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
 
رۆژنامەی کوردستان یەکەم رۆژنامەی کوردی بوو کە یەکەم ژمارەی لە 22-04-1898 لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانەکانەوە لە قاھیرەی میسر بڵاوکرایەوە، هەربۆیە ئەو رۆژە رۆژی رۆژنامەگەری کوردیی دیاریکراوە.
 
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان کە ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی داوە، هەزار و 618 دەزگای راگەیاندن بە فەرمی تۆمار کراون، کە لە 127 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی نێوخۆیی. 30 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئاسمانی. 179 رادیۆ، هەزار و 10 رۆژنامە و گۆڤار. 145 ماڵپەڕ و 127 پەیجی فەیسبووک.
 
ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر میدیایەک یان پەیجێکی فەیسبووک لە هەرێمی کوردستان کاربکات دەبێت لەچوارچێوەی رێنوێنییەکاندا مۆڵەت وەربگرێت و خۆی تۆمار بکات".
 
نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان گوتی: "ئەو پەیجانەی فەیسبووک کە هەن و مایک و لۆگۆیان هەیە، دەتوانن سەردانی لقەکانی سەندیکا بکەن و مۆڵەت وەربگرتن، هاوشێوەی ماڵپەڕێک کاریان لەگەڵدا دەکرێت".
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "رژدین لەسەر چاكسازیی لە كاری میدیا لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانمان بۆ بە پیشەییبوونی كاری رۆژنامەنووسی".
 
ئەمڕۆ هاوکاتیشە لەگەڵ 27ـەمین ساڵیادی دامەزراندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، سەندیکاکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "سەندیكا لەم بۆنەیەدا، ناڕەزایەتی خۆی بۆ دەستگیركردن، شكاندن ‌و رێگریی لە رۆژنامەنووسان بەبیانوی جیاواز دەردەبڕێت ‌و داوا دەكات، بەردەوام ئازادی رادەبڕین ‌و ئازادی رۆژنامەگەری بەدوور بكرێت لە رکابەریی حیزبی".
 
سەندیکای رۆژنامەنووسان داوا دەکات، "یاسای رۆژنامەگەری وەكو دەستكەوتێكی گرنگ پەیڕەوبكرێت ‌و لەم بوارەشدا، لەگەڵ ئاراستەی تەرخانکردنی دادگەی تایبەت مەندین لە تەماشاکردنی کەیسی تایبەت بە رۆژنامەنووسان، بەرەو خۆڕێكخستنی رۆژنامەنووسان، لەچوارچێوەیەكی مەدەنیدا وەك فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بەردەوام داوامان لێدەكات ‌و هاوكارمان بووە".
 
هەر بەبۆنەی ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان، لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد: "یادی 127 ساڵە، ببێتە مایەی دروستبوونی ویستێكی راستەقینە بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی رۆژنامەگەری و زانیاری و كۆتایهێنان بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا، رۆژنامەنووسانیش هیچ ئەركێك لە ئەستۆ نەگرن كە ناكۆك بێت لەگەڵ ئاكاری پیشەكەیاندا".
 
لە بەشێکی دیکەدا سەنتەری میترۆ رایگەیاندووە: "لە دەزگاكانی راگەیاندندا نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی، كێشەكانی گرێبەستی دادپەروەرانە، خراپتربوونی حاڵەتەكانی دەركردنی رۆژنامەنووسان لەكارەكانیان و دواكەوتن یا پێنەنەدانی موچە، بەردەوامن".
 
بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
 

سەرچاوە/ ڕووداو



AM:11:01:22/04/2025




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌