کەناڵ8: چارەنووسی هاوکارانمان ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی لە دیمەشق دیار نییە



کەناڵ8 لەبارەی چارەنووسی ئەکرەم ساڵح و جودی حاج عەلی، کە دوێنێوە لە دیمەشق و لە کاتی رووماڵی شەڕەکانی دیمەشق دا پەیوەندییان بە ناوەندی هەواڵەوە کەناڵەکەوە پچڕاوە، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی راگەیاندراوەکەی کەناڵ8:

راگەیەندراوێک بۆ رای گشتى و لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و سەندیکاکانى رۆژنامەوانى

لە ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە 30ـى نیسانى 2025ـەوە، هاوکارانمان، ئەکرەم ساڵح و  جودى حاج عەلى رووماڵى گرژى و ئاڵۆزییەکانى دیمەشقیان دەکرد، تاوەکو کاتژمێر 06:00ـى ئێوارە پەیوەندییان بە ناوەندى هەواڵى کەناڵ8ـەوە هەبوو، پاشان پەیوەندییەکەیان پچڕا و لەوکاتەشەوە هیچ زانیارییەکمان لەبارەیانەوە نییە.

ئێمە لە کەناڵ8 لەسەرەتاى رووداوەکانى سووریا بەشێوەیەکى پیشەییانە کارمانکردووە و خۆمان لە لایەندارى بۆ هەرلایەک پاراستووە و رووماڵ و کارەکانمان گەواهیدەرى ئەو راستییەن.

هاوکارانیشمان لە نووسینگەکانی سووریا، بەدرێژایی پێنج مانگى رابردوو بەشێوەیەکى پیشەییانە کارەکانیان ئەنجامداوە و رووماڵى رووداوەکانیان کردووە.

سەربارى هەوڵەکانى کەناڵ8 لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و رۆژنامەوانانى سەربەخۆ بۆ ئاشکراکردنى چارەنووسی هاوکارانمان، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.



سەرچاوە/ کەناڵ ٨



PM:12:32:01/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌