چاوەڕێی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم لە هەولێر و دهۆک دەکرێت؛ هۆکارەکە کەمبارانییە



بەگوێرەی داتای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، ئەم وەرزەی بارین بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو، بارانبارین کەمیکردووە، بەتایبەت لە دهۆک و هەولێر. ئەوەش وایکردووە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ پێشبینیی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم بکەن. لە سلێمانی و هەڵەبجە بارانبارین باشتر بووە، بۆیە پێشبینیی بەرهەمێکی باشی گەنم لەو دوو پارێزگایە دەکرێت.
 
هەولێر و دهۆک؛ رووبەری چێندراوی زۆر بە گەنم و بەرهەمی کەم
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، پار 864 هەزار و 437 دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ لە سنوورەکە چێندرا و بەرهەمەکەی لە 775 تۆن زیاتر بوو.
 
ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "لە روانگەی ئەوەی پار بەرهەم زۆر باش بوو، ئەم ساڵ رووبەرێکی زیاتری زەوی گەنم و جۆی تێدا چێندرا، کە 935 هەزار و 129 دۆنم زەوی بوو. سەرەڕای ئەوەی رووبەری چێندراوی ئەم ساڵ زیاتر بوو، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکە لەو بڕەی پار کەمتر بێت."
 
هەر ئەمڕۆ موسڵیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "پار لە سنووری پارێزگای دهۆک 798 هەزار و 720 دۆنم زەوی گەنم و جۆی تێدا چێندرا، کە بەرهەمەکەی 718 هەزار و 848 تۆن بوو."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "ئەم ساڵ زۆر زیاتر لە پار چێندراوە، بەجۆرێک رووبەری زەوی چێندراو بە گەنم و جۆ زیاتر لە 988 هەزار دۆنمە، بەڵام بەرهەم کەمتر دەبێت، چونکە دەشتاییەکانی سنووری دهۆک بارانی زۆر کەمیان تێدا باری."
 
چاوەڕوانیی بەرهەمێکی باش لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دەکرێت
 
جووتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین، ملیۆنێک و 193 هەزار و 656 دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرا کە بەرهەمەکەی ملیۆنێک و 100 هەزار تۆن بوو."
 
جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی گوتیشی، "ئەم ساڵ ملیۆنێک و 400 هەزار دۆنم زەوی چێندرا و بەهۆی ئەوەی بارانبارین باشبوو، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی سەروو ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن بێت."
 
هاوکات ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "پار لە سنوورەکەمان 86 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرا؛ ئەم ساڵ 82 هەزار چێندراوە."
 
ستار مەحموود دەڵێت، بەرهەمی پار زیاتر لە 43 هەزار تۆن بوو و پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵمان 35 بۆ 40 هەزار تۆن بێت.
 
بەغدا رەزامەندی داوە گەنمى دەرەوەى پلانیش لە کەرکووک وەربگرێت
 
هەر ئەمڕۆ عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ لە سنووری کەرکووک 750 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرا و پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی سەروو 637 هەزار تۆن بێت."
 
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رەزامەندی داوە، گەنمى زەوى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک بەهەمان نرخى گەنمى نێو پلان وەربگیرێت.
 
لە عێراق شەش ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندراوە
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پار نزیکەی 9 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ چێندرا کە بەرهەمەکەی نزیکەی شەش ملیۆن و 400 هەزار تۆن بوو."
 
محەممەد خوزاعی گوتی، "ئەم ساڵ نزیکەی شەش ملیۆن دۆنم زەوی گەنم و جۆری تێدا کرا و پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی سەروو 5 ملیۆن تۆن بێت."
 
بارانبارینی ئەم وەرزە:
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان، بڕی بارانبارین لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان بەمشێوەیە بووە:
 
پارێزگای هەولێر؛ 109.5 ملیمەتر
پارێزگای سلێمانی؛ 319 ملیمەتر
پارێزگای دهۆک؛ 124.8 ملیمەتر
پارێزگای کەرکووک؛ 142.3 ملیمەتر
پارێزگای هەڵەبجە؛ 376.4 ملیمەتر

سەرچاوە/ رووداو



AM:10:40:25/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌