کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا: بۆ زانیاریی راست، پێویستمان بە رۆژنامەڤانی پیشەیی هەیە



کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی بۆ رووداو، جەختی لە "گرنگیی بنەڕەتیی ئازادیی رۆژنامەگەری وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مافە دیموکراسییەکان کردەوە." هاوکات، ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و بە یەکێک لە میدیا هەرە دیارەکانی ناوچەکەی ناوبرد.
 
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە، 28ـی 05-2025 رایگەیاند: "ئازادیی رۆژنامەگەری، زانیاریی گەیاندن و زانیاریی پێگەیشتن بەشێکی گرنگی مافە دیموکراسییەکانە بۆ فەرەنسا. خەڵک و هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە زانیارییان پێبدرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیڕەوی مافی هەڵبژاردنی دیموکراسیی خۆیان بکەن، کاتێک دەنگ دەدەن و سەرکردەیەک هەڵدەبژێرن."
 
برایم گوتی، کە ئازادیی رۆژنامەگەری "ئامرازێکە بۆ ئەوەی لەسەر هەڵبژاردەکانیان لێپێچینەوە لەگەڵ حکومەت بکەن، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە." جەختیشی کردەوە کە "نابێت دەستوەردان لە کاری رۆژنامەڤاناندا بکرێت، دەبێت بتوانن کاری خۆیان بە پارێزراوییەوە بکەن."
 
یان برایم ئاماژەی بە هەوڵەکانی فەرەنسا کرد بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان و گوتی: "فەرەنسا گوشارێکی زۆر دەکات، لەوانەیە ئاگاداربن کە ئەم ساڵ بەبۆنەی دەیەم ساڵیادی دەرچوونی بڕیارنامەی 2222 لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاهەنگ دەگێڕین. ئێمە هەروەها لە مانگی حوزەیران لە جنێڤ، ئەو پرسە بۆ ئەنجوومەنی باڵای مافی مرۆڤ بەرزدەکەینەوە، کە لەبارەی پارێزراویی رۆژنامەڤانانە، بەتایبەت لە ناوچەکانی جەنگدا."
 
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا داوای "بە پیشەییکردنی میدیا و رۆژنامەگەری" کرد و گوتی: "زۆر گرنگە کە زانیاری لەبەردەستدا بێت و هەبێت، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە، زانیاریی پشت پێبەستراو هەبێت. لە چەند ساڵی رابردوو بینیومانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ رۆڵێکیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەدا هەیە. کەواتە رۆڵی رۆژنامەڤانان ئەوەیە کە زانیاری و داتای ورد و راست، هەروەها پشتڕاستکراو بڵاوبکەنەوە؛ بۆ ئەمە پێویستیمان بە رۆژنامەڤانانی پیشەیی هەیە کە رەوشتی کاریش جێبەجێ بکەن."
 
سەبارەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، یان برایم دەڵێت: "یەکێکە لە میدیا هەرە دیارەکان لە ناوچە کوردییەکان، لەگەڵ ئێوە لە نزیکەوە، بۆ رێکخستنی رێوڕەسم و بۆنەکان و ئەم جۆرە هەڤپەیڤینانە کارمان کردووە."
 
هەروەها گوتیشی "بێگومان بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ئەو پەیوەندییە بەهێز و تووندەمان لەگەڵ ئێوە هەیە، هەروەک لەگەڵ هەر میدیایەکی دیکە کە لە کوردستانن، ئەمە بەشێکە لە فرەلایەنیی میدیا کە رێگە بەوە دەدات بوارێکی دیموکراسی هەبێت، جێبەجێبکرێت و پارێزگاری لێبکرێت."
 
سەرچاوە/ رووداو


PM:12:34:29/05/2025




ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌