توێژینه‌وه‌ی بابه‌تێكی زانستی توێژه‌رێكی كورد له زانكۆی ستۆكهۆڵم بووه‌ته جێی سه‌رنجی میدیاكانی وڵاتی سوید و له‌و نێوه‌نده‌شدا ڕۆژنامه‌ی داگێنس نیهێته‌ری به‌ناوبانگی سویدی دوو راپۆرتی له‌باره‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه و دواتریش چه‌ند میدیایه‌كی تری بینراو و نوسراو راپۆرتیان له‌باره‌وه بڵاوكرده‌وه و بووه‌ته بابه‌تی گه‌رمی میدیا و سۆشیاڵمیدیای سوید.
ئاوات عه‌لی كه ماوه‌ی شه‌ش ساڵه له به‌شی كیمیای زانكۆی ستۆكهۆڵم له‌سه‌ر ماده زیانبه‌خش و شێرپه‌نجه‌ییه‌كانی ناو جلوبه‌رگ و هه‌ستیاری پێست كارده‌كات، له ئێستادا كه دوا ساڵه‌كانی خوێندنی دكتۆراكه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ گروپی توێژینه‌وه‌كه‌ی ڕێگایه‌كی نوێی شیكاریی جلوبه‌رگیان په‌ره‌پێداوه كه به‌منزیكانه له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌بێته ستاندارد و له پیشه‌سازیدا به‌كارده‌هێنرێت. ڕێگا نوێیه‌كه خێرا و هه‌رزان و دۆستی ژینگه‌یه.
به‌شێكی توێژینه‌وه‌كه‌ی ئاوات عه‌لی كه رۆژنامه سویدییه‌كه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر، تایبه‌ته به لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ماده شێرپه‌نجه‌یی و زیانبه‌خشه‌كانی نێوجلوبه‌رگی منداڵان.
به‌پێی ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌كه كه به‌منزیكانه له‌یه‌كێك له گۆڤاره زانستییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه، ده‌یان ماده‌ی زیانبه‌خش و شێرپه‌نجه‌یی له‌نێو جلوبه‌رگی منداڵاندا دۆزراوه‌ته‌وه، كاتێك 60 نمونه‌ی جۆراوجۆر جلوبه‌رگی منداڵان له نێو بازاڕه‌كانی سوید كۆكراونه‌ته‌وه.
ئاوات عه‌لی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "توێژینه‌وه‌كانمان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه به‌شێكی ئه‌و مادانه زۆر له‌سه‌روو ئاستی ڕێگه‌پێدراوه‌وه‌یه به‌پێی یاساكانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌و مادانه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه بگوازرێنه‌وه بۆ سه‌ر پێست و به‌ناو پێستدا تێپه‌ڕبن و ببنه هۆی هه‌ستیاری پێست و نه‌خۆشی جۆراوجۆری تر".
ئه‌و توێژه‌ره كورده ئاماژه به‌وه‌شده‌كات: "پێستی منداڵ تا ته‌مه‌نی دوو ساڵی پێنه‌گه‌یشتووه و ته‌نكتره له پێستی كه‌سێكی گه‌وره، بۆیه ماده‌كان به‌ئاسانی به پێستی منداڵدا تێپه‌ڕده‌بن، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆر هه‌ستیاری پێسته له‌نێو منداڵانی ساوادا".
ده‌ره‌نجامی توێژینه‌وه‌كه ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه كه ماده زیانبه‌خشه‌كان به‌زۆری له‌نێو جلوبه‌رگی پۆلیئه‌سته‌ر و ره‌نگ تۆخه‌كاندان وه‌ك ڕه‌ش و نیلی و قاوه‌یی و ڕه‌ساسی، به‌ڵام جلوبه‌رگی لۆكه و سپی یان ڕه‌نگ كاڵه‌كان كه‌مترین ماده‌ی زیانبه‌خشیان تیادایه.
له‌باره‌ی خۆپارێزی له‌م ماده زیانبه‌خشانه‌ی نێوجلوبه‌رگ به تایبه‌تی بۆ منداڵان ئاوات عه‌لی ده‌ڵێت: "وا باشتر جلوبه‌رگی منداڵان به‌تایبه‌تی ئه‌و جلوبه‌رگانه‌ی راسته‌وخۆ به‌ر پێست ده‌كه‌ون له لۆكه دروستكرابن و سپی بن، هه‌روه‌ها پێویسته جلوبه‌رگه نوێیه‌كان پێش له‌به‌ركردن به جیا بشۆردێن چونكه ئه‌مه پرۆسه‌یه به‌شێكی زۆری ماده زیانبه‌خشه‌كان لاده‌بات".