د. دیندار زێباری بە رووداوی راگەیاند، پار "تەنیا لە هەولێر و دهۆک زیاتر لە 800 بازرگانی مادە هۆشبەرەکان سزادراون" و جەختیشی کردەوە "هەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی ترانزێت بەکاردێت، هاوسنوور بوون لەگەڵ ئێران و سووریا بووەتە کێشەیەکی گەورە لە بواری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان بۆ هەرێمی کوردستان".
رۆژی پێنجشەممە، 29-5-2025 د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، لەبارەی پێگەی هەرێمی کوردستان لەبواری بازرگانیکردنی نایاسایی بە مادە هۆشبەرەکان، روونیکردەوە "تەواوی وڵاتان لەسەر ئەوە هاوڕان، کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی هەستیاری هەیە لەبواری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان و لەسەر ئەوە هاوڕان دەبێت ئاسایشەکەی پارێزراو بێت".
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە هەڵمەتێک لە هەرێمی کوردستان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر رابگەیێنرێت، هەڵمەتەکە دەزگەی خێرخوازی بارزانی رایدەگەیێنێت و لە چوارچێوەیدا باس لە دروستکردنی سەنتەرێکی شیاندنەوەش دەکرێت، لەگەڵیشیدا ئامار و داتاکانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.
بە بڕوای رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوسنوور بوون لەگەڵ ئێران، کە خۆی هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و ئەویش یەکێک لە گەورە بەرهەمهێنەرەکانی جیهان بۆ مادە هۆشبەرەکان، هەروەها هاوسنوور بوون لەگەڵ سووریا "کێشەی گەورەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە، بە تایبەتی کە لە سەردەمی ئەسەد، ئەو وڵاتە رێژەیەکی زۆری کەپتاگۆنی بەرهەم دەهێنا و تەنانەت ئەو مادەیە بووەتە ئامرازێکی دەستی گرووپە چەکدارەکان".
بەپێی ئەو ئامارەی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر وەریگرتووە، لە ساڵی 2023 لە هەرێمی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکە 2 هەزار و 482 کەس بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 1412 کەس بەکارهێنەر و 1070 بازرگان بوون. هەروەها 482 کیلۆگرام و 124 گرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە، لە ساڵی 2024 ژمارەی دەستگیرکراوان کەمتر بووە، لە کۆی ساڵدا 1568 کەس لە بەکارهێنەر و بازرگان دەستگیرکراون.
بەگوێرەی لەو ژمارەیە 737 کەسیان بەکارهێنەر و 831 کەسیشیان بازرگان بوون، بۆ ساڵی 2025 تاوەکو 1ی ئایاری 2025 لە هەرێمی کوردستان 622 کەس لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون، هەروەها بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی 388 کەس دەستگیرکراون، لەو 622 کەسەی دەستگیرکراون لە هەولێر و دهۆک 283 بەکارهێنەر و 329یان بازرگانن، هەر لەو چوار مانگەدا 169 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
دیندار زێباری پێیوایە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان "زۆر زیاتر" بووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو. گوتی، "حکومەت هەوڵی جیدیی خستووەتەگەڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان، ئێستا پلاتفۆرمێکی بەهێزمان هەیە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانان، بە گوێرەی ئەو ئامارانەی وەرمگرتووە، پار تەنیا لە سنووری هەولێر و دهۆک، زیاتر لە 800 بازرگانی مادە هۆشبەرەکان حوکم دراون، لە تەواوی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 1200 بازرگان".
گوتیشی، "بەراورد بە ساڵانی 2018 و 2019، رێژەی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان زۆر زیادبووە".
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، بۆ بوونی "چەکدارانی ناشەرعی لە سنوورەکان" و "بوونی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە کوردستانییەکان" دەگەڕێنێتەوە و پێیوایە "ئەگەر هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو سنوورانە بووان، رووبەڕووبوونەوەکە تۆکمەتر دەبوو".
بەگوێرەی د. دیندار زێباری "بەپێی دواین ئامار، زیاتر لە پێنج هەزار راگیراو و سزادراوی تایبەت بە تاوانەکانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، دەبێت هەرێمی کوردستان و عێراق ستراتیژی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پتەوتر بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانانە و تەنانەت دەبێت یاساکانمان تووندتر بکەین".