پرۆژەی زۆم خەڵاتی باشترین براندی خۆماڵی دەباتەوە




رۆژی شەممە، 31-05-2025 چاپێکی تایبەت بە عێراق لە پەرتووکێکی جیهانیی بازاڕگەریی سەردەم بڵاوکرایەوە کە لەژێر سەرپەرشتیی پرۆفیسۆری ئەمریکی فلیپ کۆتلەر ئامادەکراوە. لە رێوڕەسمەکەدا کە بۆ یەکەمجاربوو لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، پرۆژەی زۆم، دوو خەڵاتی بردەوە.
 
دابەشکردنی خەڵاتی کۆتلەر
 
خەڵاتی کۆتلەر، خەڵاتێکی نێودەوڵەتییە لە بوارەکانی بازاڕ، بازرگانی و داهێنان و بەو کەس و کۆمپانیایانە دەدرێت کە خاوەنی بیرۆکەی جیاوازن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە و ئابووریی وڵاتەکەیان هەیە. 
 
ئەمە یەکەمجارە خەڵاتی کۆتلەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەسەر کۆمەڵێک کۆمپانیا و دەزگادا دابەشبکرێت.
 
لەم بۆنەیەدا، تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، چیرۆکی سەرکەوتنی لەم پەرتووکەدا تۆمارکراوە و نووسراوەتەوە.
 
زانیار جەبار، کە هاوکات مامۆستای زانکۆ و تاکە هاوبەشی کۆتلەر ئیمپاکتە لە عێراق و دامەزرێنەری ستراتیجیک ئاڵایزە، بە رووداوی گوت: "یەکەمجارە لە مێژووی عێراقدا پڕۆژە و بۆنەیەکی لەم جۆرە رێکدەخرێت. ئەم پەرتووکە لە 30 وڵاتی جیهان بڵاوکراوەتەوە و یەکەمجارە دەهێندرێتە عێراق."
 
زانیار جەبار ئاماژەی بەوە کرد: "پەرتووکەکە لەبارەی بازرگانی و بازاڕگەرییە و پڕۆگرامێکی گرنگیشە بۆ کۆمپانیا، خاوەنکار، خوێندکار و مامۆستایانی زانکۆ، چونکە دەتوانێت یارمەتیدەری هەموو ئەو کەسانە بێت کە دەیانەوێت لەو بوارانەدا شارەزا بن."
 
زانیار جەبار ئاماژەی بەوەشکرد: "چیرۆکی سەرکەوتوویی تۆڕی میدیایی رووداو لە چوارچێوەی چیرۆکی 17 کۆمپانیا لە عێراقی لە کتێبەکەدا باسکراوە؛" گوتیشی: "کتێبەکە سێ هاونووسەری هەیە، یەکێک لەوانە منم و تاکە کوردم کە هاونووسەری کتێبێکی لەوشێوەیەم، کە کتێبێکی گەورەی جیهانییە لەو بوارەدا."

 
تۆڕی میدیایی رووداو لە پەرتووکی کۆتلەر دا
 
تۆڕی میدیایی رووداو وەک نموونەیەک لە کۆمپانیا سەرکەوتووەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەم پەرتووکەدا باسکراوە کە یەکەمجارە نێوەڕۆکەکەی تایبەت بە بازاڕی باشووری کوردستان و عێراق دەخرێتە بەردەست.
 
پەرتووکی (بنەماکانی بازاڕگەریی سەردەم – چاپی عێراق) چیرۆکی سەرکەوتنی 17 کۆمپانیا لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا تۆڕی میدیایی رووداو وەک تاکە دامەزراوەی میدیایی هەرێمی کوردستان و عێراق جێی خۆی لەنێو پەرتووکەکەدا کردووەتەوە.
 
لە پەرتووکەکەدا تۆڕی میدیایی رووداو وەک دەزگایەکی میدیایی خاوەن دیدگەیەکی بێسنوور باسکراوە کە وایکردووە رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە جۆرێکی دیکە سەیر بکرێت.
 
هەر لە پەرتووکەکەدا باس لەوە کراوە کە چۆن رووداو بایەخی بە داهێنانی دیجیتاڵی و بڵاوکردنەوە بە چەندین زمان داوە، هەروەها توانیویەتی بەسەر ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم میدیا لە ناوچەکەدا زاڵ بێت، وەک نەبوونی پیشەییبوون و سوودوەرنەگرتنی پێویست لە تەکنەلۆژیا.
 
پەرتووکەکە سەرکەوتنی رووداو لە رێگەی پابەندبوونی بە رۆژنامەڤانیی 24 کاژێریی کواڵیتی بەرز، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو وەک پەخشی ئێچدی و سەکۆ دیجیتاڵییەکان، هەروەها رووماڵی ئازایانەی مەیدانی لە کاتی رووداوە چارەنووسسازەکاندا دەگێڕێتەوە.
 
کتێبەکە باسی هاوبەشییەکانی رووداو لەگەڵ ئاژانسەکانی وەک ENEX, AFP, AP و USAGM کردووە، ئەوە جگە لە بەدەستهێنانی چەندین خەڵاتی جیهانی وەک ستیڤی، وێبی و تێڵی. لە کتێبەکەی کۆتلەر سەرنج خراوەتە سەر رێژەی بەرزیی بینەری رووداو و ناساندنی وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەواڵ، کە هاوشان لەگەڵ تۆڕە جیهانییەکان، بە کردەوە کوردستانی بە جیهانەوە گرێداوە.
 
پرۆژەی زۆم دوو خەڵاتی بردەوە
 
زۆم، یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی بواری شیرەمەنی (شیر، ماست، پەنیر و هەموو بەرهەمە شیرەمەنییەکان)، ئەم پرۆژەیە تەواو خۆماڵییە. لە رێوڕەسمەکەدا دوو خەڵاتی بردەوە.
 

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولعەزیز شێروانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پرۆژەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: دوو خەڵاتمان بردەوە، "یەکێکیان وەکو باشترین براندی خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و دووەمیش من (عەبدولعەزیز شێروانی)، وەکو باشترین بەڕێوەبەری جێبەجێکار خەڵاتکرام."
 

عەبدولعەزیز شێروانی ئاماژەی بەوەشکرد، چیرۆکی سەرکەوتنمان [پرۆژەی زۆم] لە پەرتووکی بنەماکانی بازاڕگەری سەردەم دا بە وردی باسکراوە.
 

پرۆژەکە پاریش خەڵاتی باشترین بەرهەمی لە عێراق لە روانگەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی بردووەتەوە کە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووریی نیشتمانیی عێراقەوە پێی بەخشرا.
 
کۆتلەر کێیە؟
 
- هاووڵاتییەکی ئەمریکییە
 
- تەمەنی 94 ساڵە
 
- نووسەر، راوێژکار و پرۆفیسۆری بواری بازاڕگەرییە 
 
- 90 پەرتووکی نووسیوە 
 
- زیاتر لە 50 ساڵ مامۆستای زانکۆ بووە لە بواری بازاڕگەریی نێودەوڵەتی 
 
- وەک راوێژکار لەگەڵ ئای بی ئێم، جێنڕاڵ ئیلیکتریک، AT&T، بانک ئۆڤ ئەمێریکا، مێرک، مۆترۆلا، فۆرد و چەندین کۆمپانیای دیکە کاری کردووە
 
- لە ئیتاڵیا، سوێد، چین، ژاپۆن، هیندستان، ئیندۆنیزیا، ئوسترالیا، مەکسیک، بەرازیل، چیلی و چەندین وڵاتی دیکە وانەی گوتووەتەوە
 
- پەرتووکەکەی بە ناوی "کاڕێگڕیی بازاڕگەری" وەک بەرنامەی فێربوونی بازاڕگەری لە سەرانسەری جیهان بە بەرفراوانی بەکاردەهێندرێت
 
- لە سەرانسەری جیهان وەک "باوکی بازاڕگەریی سەردەم" دەناسرێت
 
سەرچاوە/ رووداو

 



AM:11:04:02/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌