کۆمپانیای OpenAI ئەمریکی، پێشەنگ لە بواری ژیریی دەستکرد، تایبەتمەندییەکی نوێی لەنێو ئەپلیکەیشنە بەناوبانگەکەی - چات جی پی تی- بەناوی ئەرکەکان (Tasks) راگەیاند. ئەم تایبەتمەندییە نوێیە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات ئەرکە رۆژانەکانیان خشتەبەندی بکەن، رێکیان بخەن و بیرخەرەوە دابنێن لە رێگەی ئاگانامەی دەستبەجێ لەنێو ئەپلیکەیشنەکە و دەرەوەشی.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی ئۆپن ئەی ئای بۆ پەرەپێدانی چات جی پی تی لە تەنیا ئامرازێکی گفتوگۆی زیرەکەوە بۆ یاریدەدەرێکی کەسیی گشتگیر کە پشتگیریی بەکارهێنەران دەکات لە بەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەیان بە شێوەیەکی کاریگەرتر.
ئێستا بەکارهێنەران دەتوانن ئەرکی داهاتوو دیاری بکەن، ئینجا بیرخەرەوەی یەکجارەکی بێت یان ئەرکی دووبارەبووەوە، وەک کاتی کۆبوونەوە، خواردنی دەرمان، یان هەر چالاکییەکی دیکەی رۆژانە کە پێویستی بە بەدواداچوون بێت.
تایبەتمەندییە نوێیەکە ئێستا بۆ بەشداربووانی چات جی پی تی پڵەس و پڕۆ بەردەستە، و ئاگانامەکان لەرێگەی ئەپلیکەیشن یان ئیمەیڵەوە دەنێردرێن بەپێی هەڵبژاردنی بەکارهێنەر. ئۆپن ئەی ئای بەڵێنی داوە لە داهاتوودا بۆ هەموو بەکارهێنەران بەردەستی بخات.
کریس یانگ، جێگری سەرۆکی گەشەپێدانی بازرگانی لە Microsoft دەڵێت: '' تایبەتمەندییەکە رەنگدانەوەی ئاراستەی جیهانییە بەرەو تێکەڵکردنی ژیریی دەستکرد لە وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەدا، بۆ دابینکردنی ئەزموونێکی بەکارهێنەری تایبەتمەندتر و زیرەکتر، لە کاتێکدا ئەپلیکەیشنە سادەکانی رابردوو تاوەکو رادەیەک پێویست دەبن، لەم نێوەندەدا چات جی پی تی ئاستێکی نوێ لە کارلێک پێشکەش دەکات کە دەتوانێت ئامۆژگاری پێشکێش بکات لەسەر بنەمای کۆنتێکست و شیکردنەوەی رەفتاری بەکارهێنەر."
تایبەتمەندی "ئەرکەکان"؛ سەرەتای کۆتاییەکە بۆ چەندین ئەپلیکەیشنی رۆژانە.
لەگەڵ راگەیاندنی تایبەتمەندی "ئەرکەکان" (Tasks) لەلایەن کۆمپانیای OpenAI بۆ ئەپلیکەیشنی چات جی پی تی، نیشانەکانی گۆرانکارییەکی ریشەیی لە جیهانی ئەو ئەپلیکەیشنە رۆژانانەدا دەرکەوتن کە بەکارهێنەران بۆ رێکخستنی ژیانی کەسی و پیشەیی خۆیان پشتیان پێ دەبەستن.
ئەم تایبەتمەندییە نوێیە، کە رێگە بە دیاریکردن و جێبەجێکردنی بیرخەرەوەی ئۆتۆماتیکی و خشتەکردنی ئەرکی ماوە ماوە دەدات لە رێگەی گفتوگۆیەکی زیرەکەوە، رەنگە سەرەتای کۆتاییهێنان بێت بە ژمارەیەکی زۆر لەو ئەپلیکەیشنە تاکەکەسییانەی بەشێکی سەرەکین لە رۆتینی دیجیتاڵی بەکارهێنەران.
لە پێشەوەی ئەم ئەپلیکەیشنانە، بەرنامەکانی بیرخەرەوە دێن وەک Google Keep، Apple Reminders و Todoist کە بۆ تۆمارکردنی ئەرکەکان و دیاریکردنی کاتەکانیان بەکاردەهێندرێن. بە هاتنە ناوەوەی ChatGPT بۆ ئەم بوارە، پێویستی بە کردنەوەی ئەپلیکەیشنێکی جیاواز کەم دەبێتەوە، چونکە بەکارهێنەر ئێستا دەتوانێت هەر ئەرکێک لەناو گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ژیریی دەستکردەکەدا خشتەبەندی بکات و تەنانەت ئاگادارکەرەوەی زیرەک و تایبەتیش وەربگرێت.
ئەپلیکەیشنەکانی رۆژژمێر وەک Google Calendar و Outlook Calendar یش، لەوانەیە پاشەکشەیەکی رێژەیی لە بەکارهێناندا بەخۆیانەوە ببینن، بەتایبەتی کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئەرکە رۆتینییەکان یان کورتخایەنەکانەوە هەبێت. لەبری نووسینی کات بە شێوەی دەستی، بە سادەیی دەتوانرێت بگوترێت: "کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەی کاژمێر 10ـم بیربخەرەوە،" و ChatGPT ئەوەی ماوەتەوە جێبەجێی دەکات.
ئەپلیکەیشنەکانی تێبینی نووسینی خێرا وەک Notion و Evernote ش لەوانەیە بەشێک لە رۆڵی خۆیان لەدەست بدەن، چونکە ChatGPT لە رێگەی تایبەتمەندی "ئەرکەکان"ـەەوە، رێگە بە هەڵگرتنی ئەرک و تێبینییە سادەکان دەدات لەنێو هەمان گفتوگۆ، لەگەڵ توانای گەڕانەوە بۆیان و نوێکردنەوەیان لە داهاتوودا، بێ ئەوەی پێویست بە گواستنەوە بکات لە نێوان چەندین ئەپلیکەیشنی جیاوازدا.
تەنانەت ئەپلیکەیشنەکانی بەدواداچوونی خوو و بەرهەمهێنان وەک Habitica و TickTick کە رێگەیان بە بەکارهێنەر دەدا ئامانجە رۆژانە یان هەفتانەکانیان بەڕێوەببەن، لەوانەیە بە شێوەیەکی نەرێنی کاریان تێبکرێت، چونکە ئێستا دەکرێت ئەرکی بیرخستنەوە و هاندانی رۆژانە بە ChatGPT بسپێردرێت بێ ئەوەی پێویست بە پلاتفۆرمی جیاواز بکات.
کاریگەرییەکە تەنیا لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە ئەپلیکەیشنەکانی "یاریدەدەری کەسی" یان "راهێنەری ژیان" وەک Replika و Coach.me کە پشتیان بە پەیوەندی نیمچە رۆژانە لەگەڵ بەکارهێنەر دەبەست بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاز یان بیرخستنەوە. لەگەڵ پەرەسەندنی کەسایەتی ChatGPT و کارلێکی بەردەوامی، لەوانەیە بەکارهێنەر هەموو ئەوەی پێویستی پێیەتی تەنیا لەناو یەک پلاتفۆرمدا بدۆزێتەوە.
تەنانەت ئەپلیکەیشنەکانی ئاگادارکردنەوەی کاتی دەرمان وەک Medisafe یان MyTherapy کە خزمەتگوزاری ئاگادارکردنەوەیان بۆ کاتی دەرمان پێشکەش دەکرد، ئێستا دەکرێت دەستبەرداریان بین ئەگەر ChatGPT وەک پلاتفۆرمێکی ناوەندی بۆ رێکخستنی کاتە تەندروستییەکان بەکاربهێندرێت.
دواجار ناتوانرێت کاریگەری لەسەر ئەپلیکەیشنەکانی ئۆتۆمەیشنی سادە وەک Zapier لە لایەنی بەکارهێنانی کەسی پشتگوێ بخرێت، چونکە ChatGPT ئێستا دەتوانێت ئەرکی رۆژانەی دووبارەبووەوە جێبەجێ بکات، بێ ئەوەی پێویست بە پرۆگرامکردن یان بەستنەوەی ئەپلیکەیشنی دەرەکی بکات.
بەم شێوەیە دەتوانرێت بگوترێت کە تایبەتمەندی "ئەرکەکان"ی نوێ لە ChatGPT لەوانەیە پشتبەستن بە لانیکەم 7 بۆ 10 جۆر لەو ئەپلیکەیشنانە کەم بکاتەوە کە رۆژانە بەکاردەهێندران. ئەگەر پەرەسەندن بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا داهاتوو لەوانەیە یەکگرتنێکی بێوێنە لە نێوان ژیریی دەستکرد و رێکخستنی ژیانی کەسی بەخۆیەوە ببینێت کە دەرگا بۆ سەردەمێکی دیجیتاڵی نوێی زیاتر و کارامە دەکاتەوە.
بازاڕی یاریدەدەرە دیجیتاڵییەکان کێبرکێیەکی گەرم بەخۆیەوە دەبینێت لەنێوان چەندین کۆمپانیای گەورە وەک ئەپڵ بە سیری، گووگڵ بە یاریدەدەرە زیرەکەکەی، و ئەمازۆن بە ئەلێکسا. بە زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە لەلایەن ئۆپن ئەی ئای، پێشبینی دەکرێت بەکارهێنەران ئەزموونێکی کارلێکتری و گشتگیرتریان هەبێت کە گفتوگۆی زیرەک و بەرێوەبردنی کات بە کارامەیی تێکەڵ دەکات.
تایبەتمەندی "ئەرکەکان" رێگە بە بەکارهێنەران دەدات ئەرکی دووبارەبووەوە دروست بکەن، دەستکارییان بکەن و بە ئاسانی بیان سڕنەوە لەرێگەی رووکارێکی سادە و نەرمەوە لەناو ئەپلیکەیشنەکەدا، لەگەڵ توانای پێداچوونەوە بە ئەرکە ئەنجامدراو و ئەنجامنەدراوەکان لە هەر کاتێکدا.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە، پێویستی بۆ ئامرازە زیرەکەکان زیادی کردووە کە یارمەتی تاکەکان دەدات بۆ رووبەرووبوونەوەی گوشارەکانی ژیانی رۆژانە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی کارکردن و خوێندن لە دوورەوە، کە ئەمەش رێکخستنی کات و بەرێوەبردنی ئەرکەکان دەکاتە پێویستییەکی بنەرەتی.
سەرچاوە/ رووداو