كۆمسیۆن: زیاتر لە 58 هەزار کەس داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندوقەكان پێشكەشكردووە



کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تۆمارى بایۆمەتریی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار دەنگدەریان نوێکردووەتەوە و زیاتر لە 58 هەزار کەسیش داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێشكەشكردووە.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکەناڵ8ـی راگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەی لە تەواوی عێراقدا تۆماری بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار دەنگدەر.

ئاماژەى بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ناوى بەربژێرانى قەوارە و لایەنەسیاسییەکان نەگەیشتووەتە ناوەندەکانى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستان.

سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەختى لەوەشکردەوە، کە ئامادەکارییەکانیان بۆ هەڵبژاردن بەردەوامن و لە ئێستادا سەرقاڵى دیاریکردنى کۆدن بۆ قەوارە و لایەنەسیاسییەکانى بەشدار لە هەڵبژاردنەکە.

هاوکات، بەگوێرەى ئەو خشتەیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 58 هەزارو540 كەس، داواكارییان بۆ كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێشكەشكردووە.

بەگوێرەى خشتەکە 46 هەزارو506 كەسیان لە رەگەزی نێرن و12 هەزار و34 كەسیان لە رەگەزی مێن، هەروەها، 41 هەزار و 108 کەسیان فەرمانبەرن و 17 هەزار و 432 کەسیان خوێندکار و دەرچووى زانکۆ و پەیمانگاکانن.

ئامادەکارییەکانى کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.

 سەرچاوە/ Channel8



AM:10:13:05/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌