پزیشکانی خولاو لە هەولێر و دهۆک دەوام دەکەن، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامن لە بایکۆت




هاوپەیمانیی 19 رەخنە لە بڕیارەکەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەگرێت بۆ سزادانی چەند پزیشکێکی مانگرتوو، نوێنەرێکی پزیشکانی ناڕازیش دەڵێت، بەڵێنیان پێدراوە سزاکانیان هەڵبوەشێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-6-2025 نوێنەرێکی پزیشکانی ناڕازی میوانی بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال بوو و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، پزیشکان وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، رێگەی جیدی و کاریگەر دەگرنە بەر.
 
دکتۆر کەیفی فارووق، نوێنەرێکی پزیشکانی ناڕازی لە هەولێر دەڵێت: لە دهۆک بایکۆت نەکراوە و لە هەولێر شکێنراوە بە هۆی ئەوەی پێمان گوتراوە داواکارییەکانتان جێبەجێ دەکرێن، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە.
 
پزیشکانی خولاو لە هەولێر لە رۆژی هەیینی 6-6-2025 بایکۆتی سەرجەم نەخۆشخانەکانیان کرد، بەڵام 24 کاژێری نەخایاند، تەندروستیی هەولێر راگەیێندراوێکی مووچەبڕینی بۆ چەند پزیشکێکی بایکۆتکەر دەرکرد، دکتۆر کەیفی فارووق، نوێنەرێکی پزیشکانی ناڕازی گوتی، ''یەکێک لەو بەڵێنانەی پێمان درابوو، لادانی سزای ئەو پزیشکانەیە''.
 
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە سلێمانی ئەو بڕیارەی تەندروستیی هەولێری بە ''ناڕەوا و نادیموکراتی'' دانا، کانی عومەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی تۆڕەکە دەڵێت: ''پێش ئەوەی گوێ بۆ لایەنی ناڕازی گیرابێت، تەندروستیی هەولێر سزای ئەو پزیشکانەی داوە''.
 
کۆمەڵێک رێکخراوی داکۆکیکاری بواری مافەکانی مرۆڤ لەنێو تۆڕی هاوپەیمانیی 19 دان و سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات. بەتایبەت بۆ داکۆکیکردن لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی دیكه‌ی تایبەت بە ماف و ئازادییەكانی تاک.
 
کێشەی پزیشکانی خولاو چییە؟
 
هەر خوێندکارێکی پزیشکیی گشتی کە کۆلێژ تەواو دەکات، دوو ساڵ وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو لە نەخۆشخانە گشتی و فریاکەوتنەکان دەوام دەکات، پاشان دەبێتە پزیشكی پلەبەند و یەک ساڵ لە بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان دەوام دەکات، پاشانیش نازناوەکەی دەگۆڕێت بۆ پزیشکی شارەزای گشتی و دواتریش پزیشکی پایەبڵدن. بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە لەگەڵ هەر بەرزکردنەوەی ناونیشانێک شوێنەکەشیان بگۆڕدرێت و ئێستا لەبەر ئەوەی پزیشکانی دەرچووی 2024 دانەمەزراون، ئەوا پزیشکانی خولاو ناتوانن پلەیان بەرزبکرێتەوە، چونکە کەس نییە شوێنیان بگرێتەوە.
 
سەرچاوە/ رووداو 
 


AM:11:18:11/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌