کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق راگەیاند و زیاتر لە 230 هەزار کەسیش داواکارییان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان پێشکێش کردووە.
جومان غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی رەزامەندیی دادوەر عامر حوسێنی، سەرۆکی کارگێڕیی هەڵبژاردن، ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی عێراق لە 8788 بنکە و 40 هەزار و 819 وێستگەی دەنگدان پێکدێن.
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆن دەڵێت، بۆ رۆژی هەڵبژاردن کۆمیسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کارمەندە، تاوەکو ئێستا 231 هەزار و 16 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە، پێشکێشکردنی داواکاری تاوەکو 9ی مانگی تەممووز بەردەوام دەبێت.
بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت.
مەرجەکانی دیکە:
- هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا.
- پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت کە داواکاری تێدا پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت.
- نابێت لە رابردوودا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەک درابێت.
- نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
- پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت.
سەبارەت بە بەڵگەنامەکان بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەران، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی فەرمانگەکە یان پشتگیریی فەرمانبەری، کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یان پشتگیریی خوێندن بە وێنەی رەنگاوڕەنگ.
لەبارەی خوێندکار و دەرچووانەوە، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی خوێندکار یان پشتگیری کە خوێندکارە، کارتی نیشتمانی، ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەکەی بە وێنەی رەنگاوڕەنگ.