بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر دەڵێت، کارکردنی منداڵان لە شەقامەکان بووەتە دیاردە، بۆیە قەدەخە دەکرێ.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لەسەر بابەتی سواڵکردن و کارکردنی منداڵان لە شەقامەکان سەردانی وەزیری ناوخۆمان کرد. خەڵک زۆر بێزار بووە؛ بۆیە بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی کارکردن و سواڵکردنی منداڵان لە شەقام و ترافیکەکان."
بە گوتەی یوسف چاوشین، کارکردنی منداڵان لە شەقامەکان لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە؛ باسی لەوەش کرد: "بەشێکی زۆری ئەو منداڵانە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن."
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر گوتی، هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەکەن، توێژەرەکانیان دەنێرن بۆ سەردانی خێزانی ئەو منداڵانە و ئاگاداریان دەکەنەوە کە بە هەر هۆکارێک بێت، نابێت منداڵەکانیان کار بکەن.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەڵێت، لە سبەیەوە دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نەوجەوانان رێگە نادرێ منداڵان لە شەقامەکان سواڵ و کاربکەن.
سەرەتای ئەم مانگە نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 2023دا 290 منداڵ لە شەقامەکانی هەولێر کاریان کردووە."
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ رووداو، منداڵانی ئیشکەر لە ساڵی 2022 بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:
دهۆک: 560 منداڵ
هەولێر: 508 منداڵ
سلێمانی: 180 منداڵ
هەڵەبجە: 0 منداڵ
سەرچاوە/ رووداو