هۆشداری بە راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان دەدرێت



بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە لە دونیای ئەمڕۆدا راگەیاندن دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێ لە داڕشتنی رای گشتی و خودی و جیهانی و لە چۆنێتی بینین و تێگەیشتنی مرۆڤەکان بۆ جیهانی خۆیان و دەوروبەریان و چۆنێتی لێکدانەوە بۆ رووداوە گرنگەکان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانی لەوانەش شەڕ و ئاشتی و ململانێکان کە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردی بۆتە بابەتی سەرەکی راگەیاندنەکان.

كۆمەڵناس دارا ئەنوەر زۆراب و دكتۆر رێبوار غەریب حەمە پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت راگەیاندنەكانی هەرێمی كوردستان لە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل رەچاوی باری دەرونی هاونیشتیمانیان بكەن چونكە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەریان.

كۆمەڵناس دارا ئەنوەر زۆراب لە گفتوگۆیەكی تایبەت بە 964ـی وت، ” گرنگی دانی راگەیاندنەكانی هەرێم بە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست یان تەنها جێبەجێ كردنى ئەرکی میدیایی بێت کاریگەری هەیە لەسەر لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و تاکەکەکانی کۆمەڵگە، چونکە  لە بەرکەوتنی میدیاییدا بەتایبەت گواستنەوەی رووداوەکان و کارەساتە جەنگییەکان  دەرونی مرۆڤ توشى شڵەژانە دەرونیەکان دەبێت وەک ترس ، سترێس ، دڵەڕاوکێ …هتد، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتریش لاوازی دەرونییان هەبووە”.

"دۆخی میدیایی لەکاتی جەنگ تەنها بە زیانە دەرونییەکان ناوەستێت، مەترسیە جەستەییەکانیش دروست دەبێت و رەنگە کۆی ئەو وێنە و پیشاندانانەی کە دەبینرێت ببێتە هۆکاری زیادبونی توندوتیژی، تا دەگاتە ئەوەی مەترسی مردن و نەمانی ژیان و نەمانی سەرمایەی مادی و مەعنەويی و نەمانی متمانەی تاکەکانیش دروست بکات” دارا ئەنوەر زۆراب واى وت.

دەشڵێت، ” دەبێت لە کوردستان بەرپرسیارێتی راگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی میدیا رێكبخرێنەوە، بۆ چاودێری کردنی کەمبونەوە و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی رووداوەکان بەتایبەت جەنگ سنوردار بکرێت، تاوەکو کاریگەرییە نەرێنەکان لە سەر تاکەکانی کۆمەڵگە کەمتر بێتەوە و مەوداکانی شڵەژانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و بێکاری  فراوانتر نەبن”.

داواش لە خێزنەكان دەكات و دەڵێت، "ئەرکی خێزانە بەرپسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات، لە پێدانی کاتی زیاتر بە ئەندامەکانی خێزان و ئەنجامدانی چالاکییە خێزانیەکان وەک  یارییەکان و  کۆبونەوەکانی نان خواردن و کتێب خوێندنەوە و …هتد، تاكو بە داخستنی ڕاگەیاندنەکانی جەنگ بەردەوامی ژیانێکی تەندروستی خێزانی ببەخشن بە خۆیان”.

لەلایەن خۆیەوە دكتۆر رێبوار غەریب حەمە پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان وتى، ” داوا له دەزگاكانی راگەیاندن دەكەم كە رەحمێك بە گەلی كورد بكەن و با شێوازی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەم جەنگە پڕۆفیشناڵانە و ئەكادیمیانە بێت  بە شێوازێك بێت لایەنی دەرونی فەرامۆش نەكەن چونكە ئەو خەڵكە پێویستی بە ئارامیەكی دەرونی هەیە”.

وتيشى، "من لە پەیامی راگەیاندن تێدەگەم بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بارودۆخی دەرونی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە، پێویستە رەچاوی باری دەرونی خەڵك بكرێت”.

"پەیامێكيش بۆ هاوڵاتیان بەگشتی بە تایبەتی منداڵان و هەرزەكاران كە پێویستە منداڵان لەم دۆخەدا كۆنتڕۆڵ بكرێن و لەوەی كە كەمترین كات بە دیار ئەم هەواڵە ناخۆشانەوە بن و گوێبیستی ئەم هەواڵە ناخۆش و كارەساتبارانە بن كە كوشتن و بڕین و وێران كردن پیشان دەدات، چونكە هەموو ئەم رووداوە زەبراویانە لە داهاتوودا كاریگەری خراپی دەرونی لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگە بەجێدەهێڵێت”



سەرچاوە/ 964+



PM:02:25:24/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌