دوو نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی دەستگیر کران



درەنگانی شەوی رابردوو، هەردوو مامۆستای ناڕازیی عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی، لەلایەن ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیر دەكرێن.

سروشت هاواری، مامۆستای ناڕازیی و هاوڕێی هەردوو مامۆستا دەستگیركراوەكە بە 964ـی وت، درەنگانی شەوی رابردوو، هاوڕێیانمان عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراون تا ئێستاش ئازاد نەكراون.

وتیشی، سەرەتا و لە كاتژمێر 11ی شەو لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەكاتێكدا لەگەڵ براكەی بووە، مامۆستا دڵشاد میرانی لەلایەن ئاسایشەوە دەسگیر كراوە، دواتریش كاتژمێر 12:15 مامۆستا عوسمان گوڵپیش لەناو ماڵی خۆیدا دەستگیر كراوە.

دەشڵێت، ئەو كەسانەی كە هاتوون بۆ دەستگیركردنی ئەو مامۆستایانە، خۆیان بە ئاسایش ناساندووە و بە كەسوكاری مامۆستاكانیان وتووە، دەیانبەین بۆ ئاسایش و چەند پرسیارێكیان لێدەكەین و دەیانگەڕێنینەوە، وەك باسیشی دەكات كەسوكاری مامۆستاكان سەردانی ئاسایشیان كردووە و ئەوانیان لەوێ بینیووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، كە مامۆستایانی ناڕازیی بڕیاریانداوە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو بەهۆی دواكەوتنی موچەكانیانەوە، لە سلێمانی خۆپیشاندان بكەن، سەرەڕای ئەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دوای لێكردوون خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی گونجاوتر دوابخەن، بەڵام دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی رەتیدەكەنەوە گوێ بەداواكەی لیژنەی ئەمنی شارەكە بدەن.


سەرچاوە/ 964+


AM:10:14:25/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌