وتەبێژی دەزگای ئاسایش: سەرجەم ڕێکخەران و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی ئازاد کران



ووتەبێژی دەزگای ئاسایش رایگەیاند، سەرجەم ڕێکخەران و خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی ئازاد کران.
کەمێک لەمەوبەر، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە ئێستادا هیچ کەس لە ڕاگیراوانی ئەمڕۆ لە ئاسایش نەماونەتەوە و سەرجەمیان بەڕێزەوە بەڕێکراون بۆ ماڵەوە".

پێشتر دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی: "پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان".

دەشڵێت، "وەک لە راگەیەنراوی پێشووماندا ئاماژەمان پێدابوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە زەمینە لەبار نییە بۆ خۆپیشاندان، ئێستاش بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر هاوڵاتییان و خەڵکی ناڕازی بەپێویستی دەزانین رایبگەیەنین، لە رۆژانی رابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیریی پارێزگاکەمان و لەرێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدیبهێنن".

باسی لەوەش کرد، "بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بەداخەوە ناچاربووین لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیربکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان، تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی. لەم چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی ئێمە زۆر بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە، بەڵام بە پێویستی دەزانین داوای لێبوردنیان لێبکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان، تەنها بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی ئارامیی شار بووە"


AM:12:49:27/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌