خالید عەباس: پێویستمان بە 10 هەزار فەرمانبەر هەیە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان



بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: 10 لایەنی سیاسیی کوردستان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کۆمیسیۆن ناونووس کردووە، دەشڵێت: پێویستمان بە 10 هەزار فەرمانبەری سەر سندووقەکانی دەنگدانە، کەچی تا ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس داواکاریی پێشکەش کردووە.

شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، خالید عەباس، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: کورسییەکانی پەرلەمانیی پارێزگای دهۆک 11 کورسین کە 8 لەو کورسیانە بۆ پیاوانن، 3 کورسی دیکەش بۆ ئافرەتانن، بەپێی یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2023ـیش، سێ کورسی بۆ کۆتاکان دەبێت لە پارێزگاکە.

خالید عەباس ڕایگەیاند: لە 26ـی حوزەیران، قۆناغی وەرگرتنی ناوی لیست و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کۆتایی هات، دوێنێ ناوی ئەم کاندیدانە ڕەوانەی بەغدا کران.

بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاشکرای کرد، ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە لیستی ناوی کاندیدان بکرێت بەهۆی ئەوەی ئێستا پشکنین و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ناوەکان دەکرێت، ئەگەری هەیە ڕێژەی ئافرەتیش زیاد بکرێت، دواتر ناوەکان دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کاندید و لایەنێکی سیاسیی بۆی نییە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکات تاوەکو ناوەکان پەسەند نەکرێن و ماوەی دیاریکراو ئاشکرا نەکرێت بۆ پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن.

دەڵێت: لە ئۆفیسی پارێزگای دهۆک لێژنەی تایبەت هەیە بۆ تۆمارکردنی هەر سەرپێچییەک لە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەلایەن کاندید و لایەنە سیاسییەکان.

خالید عەباس ئاشکرای کرد، 10 لایەنی سیاسیی لە پارێزگای دهۆک خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی 11ـی 11ـی ئەمساڵ، ئەوانیش( پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەرەی گەل، کۆمەڵی دادگەری کوردستان، ڕەوتی هەڵوێست، سۆشیالیست، نەوەی نوێ، ڕەوتی بابلیۆن، ڕەوتی نیشتمانی ئاشووری)، دەڵێت: 61 کاندید لە پارێزگای دهۆک هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگ دەدەن لە پارێزگاکە، 40 لەو کاندیدانە پیاون، 21 کاندیدی دیکەش ئافرەتن، 5 کەس بۆ کورسی کۆتاکان کاندید کراون کە سێ پیاو و دوو ئافرەتن، دوو کەسیش سەربەخۆ خۆیان کاندید کردووە.

لەبارەی ناو تۆمارکردن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، خالید عەباس گوتی: لینکی ناو تۆمارکردن تا 6ـی تەممووز بەردەوام دەبێت و دەڵێت: پێویستیمان بە 10 هەزار فەرمانبەری سەر سندووقی دەنگدان هەیە بۆ ئەوەی هاوکارمان بن لە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بەشێوەی فەرمانبەری گرێبەست، تا ئێستا 20 هەزار کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک لەڕێگەی ئەو لینکەوە داواکاریان پێشکەش کردووە، دوای تەواوبوونی وادەکە، تیر و پشک بۆ ناوەکان دەکرێت و 10 هەزار ناو هەڵدەبژێردرێت، ئەو ناوانەی کە دەردەچن، دەخرێنە نێو خولی ڕاهێنان.

9ـی نیسانی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، بڵاوی کردەوە‌، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.


سەرچاوە/کوردستان ٢٤



PM:01:45:29/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌