ئەنجومەنی دادوەری عێراق: سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی دیاریکرا



ئەنجومەنی دادوەری عێراق دەڵێت، مونزر ئیبراهیم حسێن جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی بە سەرۆکی دادگای فیدراڵی دیاریکرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی دادوەری عێراق بڵاویکردەوە، دادوەر جاسم محمد عبود، سەرۆکی ئێستای دادگای باڵای فیدراڵی، بەهۆکاری تەندرووستی خانەنشین کرا و مونزر ئیبراهیم حسێن لە شوێنەکەی دانرا.
ئەنجومەنی دادوەری عێراق باسی لەوەشکرد، لەدوای دەرچوونی مەرسوومی کۆماری، سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی دەستبەکاردەبێت. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی وت، حاکم جاسم عومەیری، سەرۆکی دادگای فیدراڵی عێراق دەستی لەکارکێشاوەتەوە و بەهۆیەوە سەرجەم بڕیارەکان لە دادگای فیدراڵیەوە وەستاون.

مونزر ئیبراهیم حسێن، سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی، لە ساڵی ١٩٦٣ لە بەغدا لەدایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی یاسایە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدا لە ساڵی ١٩٨٩، دواتر لە ساڵی ١٩٩٨ پەیمانگای دادوەری خولی (٢١)ی تەواوکردووە، لە ٢٠١٨وە لە دادگای تەمییزی ناوەندی کاری کردووە و لە ئێستادا وەک جێگری سەرۆکی دادگای تەمییزی ناوەندی کار دەکات و سەرۆکی دەستەی سزایە و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵییە.


سەرچاوە/ ڕووداو




PM:01:58:29/06/2025




ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌