کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق پێنج لیژنە بۆ گەرەنتیکردنی بێگەردیی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران پێکدێنێت و لە هەفتەى داهاتووەوە لیژنەکان دەستبەکارەکانیان دەکەن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکەناڵ8ـی راگەیاند، لیژنەکان بریتین لە لیژنەى مەیدانى، لیژنەى کارگێڕى، لیژنەى هەواڵگرى، لیژنەى میدیایى و لیژنەى ئاسایشى ئەلیکترۆنى و لە هەفتەى داهاتووشەوە دەستبەکاردەبن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستە چەند مانگێکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە.
بەگوێرەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە 23ـى ئازارەوە تاوەکو 20ـى حوزەیران، دوو ملیۆن و 155 هەزار کەس تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە و کۆى تۆمارکراوان گەیشتووەتە 21 ملیۆن و 400 هەزار کەس.
بەگوتەى سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆمیسیۆن پێویستی بە 250 هەزار کارمەندە. بۆ ئەو مەبەستەش لە سێى حوزەیرانەوە تاوەکو 24ـى حوزەیران، زیاتر لە 522 هەزار کەس داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان و دوا وادەش بۆ پێشکەشکردنى داواکارى نۆى ئەم مانگەیە.
بەگوێرەی شارەکانی هەرێمی کوردستانیش؛ زۆرترین داواکاری لە شاری سلێمانی بووە کە 28 هەزار و 795 کەس بووە، دواتر شاری هەولێر دێت کە 25 هەزار و 803 کەس داواکارییان بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان پێشکەشکردووە و دهۆکیش 18 هەزار و 157 کەس بووە.
سەرچاوە/کەناڵ8