لەسەر پێشێڵکردنی تایبەتمەندی و نەپاراستنی زانیارییە کەسییەکان، بەکارهێنەرێک لە ئەڵمانیا سکاڵایەکی لە دژی فەیسبووک بردەوە، کە کۆمپانیاکە ناچار دەکات بە 5 هەزار یۆرۆ قەرەبووی بکاتەوە. ئەمە رێگە بۆ سکاڵای زیاتری لەم شێوەیە لە دژی فەیسبووک خۆش دەکات.
دادگەیەکی ئەڵمانیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە فەیسبووک یاسای پاراستنی زانیارییەکانی ئەورووپای پێشێل کردووە.
دادگەی هەرێمیی لایپزیگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا دەڵێت، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسئەپ، "پێشێلکاریی گەورەی لە دژی یاسای پاراستنی زانیارییەکانی ئەورووپا کردووە،" ئەوەش لە رێگەی دەستبردن بۆ زانیارییە کەسییەکانی بەکارهێنەران تاوەکو لە ئاراستەکردنی ریکلامەکاندا سوودیان لێ ببینێت و ملیاران دۆلاریان پێ کۆبکاتەوە.
بە گوێرەی دادگاکە، فەیسبووک و ئینستاگرام بەردەوام و بە چڕی چاودێریی ژیانی رۆژانەی بەکارهێنەر دەکەن، تەنانەت ئەو کاتەی کە فەیسبووک و ئینستاگرامیش بەکارناهێنن.
مەبەست لە چاودێریکردنەکە بریتییە لە گوێگرتن لە قسەکانی بەکارهێنەر، چاودێریکردنی ئەو شتانەی بەکارهێنەر سەردانیان دەکات یان لایک و کۆمێنتیان لەسەر دەکات و ئەو شتانەیشی لەسەر ئینتەرنێت هەوڵی کڕینیان دەدات.
لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەکەدا، دادگەی لایپزیگ پشتی بە یاسای نێوخۆی وڵاتەکە نەبەستووە، بەڵکو تەنیا یاسای پاراستنی زانیارییەکانی یەکێتیی ئەورووپای بەکارهێناوە.
کۆمپانیای مێتا بواری ئەوەی هەیە لە دادگەی هەرێمی دێردسن لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا تانە لە بڕیارەکە بدات.
دادوەری دادگەی لاپیزیگ باسی لەوە کرد، کۆمپانیای مێتا زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەر بە شێوەیەکی نەخشە بۆ دانراو بە وڵاتانی سەرانسەری جیهان دەدات، لە نێویاندا ئەمریکا، بۆ ئەوەی لەوێ "بەشێوەیەکی نەزانراو" بقۆزرێنەوە و لەسەر ئەرکی بەکارهێنەر، سوودی لێ وەربگرن.
دادگەکە دەڵێت، دەزانێت کە ئەم دۆسیەیە دەکرێت زۆر بەکارهێنەری دیکەی فەیسبووک هانبدات بێ ئەوەی بەڵگەیان لەسەر هیچ زیانێک هەبێت، بچن سکاڵا لە دژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە تۆمار بکەن.
مێتا رووبەڕووی بڕیارێکی دیکەی کۆمسیۆنی ئەورووپی دەبێتەوە کە ئەویش داوای کردووە 200 ملیۆن یۆرۆ وەک پێبژاردن بدات لە بەرامبەر پابەندنەبوونی بە یاسای پاراستنی زانیارییە کەسییەکان.
لە ئەورووپا، پێویستە مێتا رەزامەندیی بەکارهێنەر بەدەست بێنێت پێش ئەوەی بتوانێت زانیارییەکانی بۆ مەبەستی ریکلام بەکاربێنێت. بۆ ئەوە، دوو بژارە بە بەکارهێنەر دەدات: یەکەم، لابردنی هەموو ریکلامەکان لە بەرامبەر بڕێک پارەی مانگانە یان ساڵانە. دووەم، بەکارهێنانی بێبەرامبەری فەیسبووک و ئینستاگرام لە بەرامبەر سوودبینینی کۆمپانیاکە لە زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەر بۆ مەبەستی ئاراستەکردنی ریکلامەکان.
برۆکسل دەڵێت، ئەم شێوازی "پارە بدە یان رازیبە"یە سرووشتێکی خۆسەپاندنی هەیە بەسەر بەکارهێنەردا.
سەرچاوە/ رووداو