لالە عەبدە، شێوەکاری بەناوبانگی کورد، لە تەمەنی 78 ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، کۆچی دواییکرد
خانەوادەی هونەرمەند و شێوەکار، لالە عەبدە، ڕانگەیاند'' بەربەیانی ئەمڕۆ، ٨ی تەمووزی ٢٠٢٥ بە نەخۆشی شێرپەنجە، لە تەمەنی 78 ساڵیدا لە شاری نۆرمبێرگ لە ئەڵمانیا کۆچی دواییکرد''.
خانەوادەکەی ئاماژەیان بۆ ئەوەشکرد، کە هێشتا شوێن و کاتی رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمەکەی یەکلایی نەبووتەوە.
لالە عەبدە، یەکێکە لەو هونەرمەندە کوردانەی هەمیشە ویستویەتی لە ڕێی تابلۆکانییەوە پەیامی خۆیی و گەلەکەیشی بگەیەنێت بە جیهان و تابلۆکانیشی بەردەوام بەشدارییەکی بەرچاویان هەبووە لە یەکتر ناسینی کولتورەکاندا.
لە 1947 لە سلێمانی لەدایکبووە و لە ئەڵمانیا دەژیا، یەکێک لە شێوەکارە دیارەکانی کوردە و خاوەنی چەندی پێشانگەی تایبەتی و هاوبەشە لە کوردستان و وڵاتانی جیهان.
سەرچاوە/ سپی میدیا