گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ میدیایەک نابێت ببێتە هۆی تێکدانی شیرازە و ئاشتەوایی کۆمەڵگە. راشیگەیاند: "ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
رۆژی چوارشەممە، 9ـی تەممووزی 2025، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوو لە سنووری پارێزگای هەولێر شەڕ و ئاڵۆزییەک روویدا، بابەتێکی نوێ و پێشهاتێکی نوێ بوو، بەڵام میدیاکان و پەیجەکان رۆڵێکی خراپیان هەبوو لە گەورەکردنی بابەتەکە و تێکدانی کۆمەڵگە".
گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری گوتی، بە وردی خەریکی لێکۆڵینەوەن، تاوەکو بزانن کامە میدیا هۆکار بووە بۆ گەورەکردنی ئاڵۆزیی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە.
وەکو نامیق هەورامی دەڵێت، "نەک تەنیا لەو بابەتە، بەڵکو بە گشتی هەر میدیایەک یان پەیجێک ببێتە هۆی تێکدانی شیرازە، ئاشتەوایی کۆمەڵگە و شێواندنی سەقامگیریی کوردستان، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 2025-07-08، لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و کەسێک بە ناوی خورشید هەرکی روویدا.
رۆژی چوارشەممە 9-7-2025 مەحموود ئاغای هەرکی، سەرۆکی عەشیرەتی هەرکی بە رووداوی راگەیاند، شەڕ و ئاڵۆزی گوندەکەی خەبات کۆتایی هات، ئەمەش دوای ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە و ئەو هێزەی هێنرابوونە ناوچەکە کشێندرانەوە.
ئەو شەڕ و ئاڵۆزییانە بەهۆی ناکۆکیی نێوان دوو بنەماڵە روویدا لەسەر خاوەنداریەتیی پارچە زەوییەک. بە گوتەی مەحموود ئاغا: "ئێستا حکومەت لیژنەیەکی پێکهێناوە، بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان هەردوو بنەماڵەکە، لیژنەکە هەر بڕیارێک بدات پێیەوە پابەند دەبین".
رۆژی 2025-07-03ـەش شەڕ لەنێوان ئەو دوو بنەماڵەیە روویدا. رۆژی دواتر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سێ لەو کەسانەی لە رووداوەکەدا چەکیان بەکارهێنا، بە فەرمانی دادوەری ئاسایش دەستگیرکران".
سەرچاوە/ ڕووداو