کۆمسیۆنی عێراق 70 کاندیدی دیکەی بۆ هەڵبژاردن دوورخستەوە



 
سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت،  70 کاندیدی دیکە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لەو کەسانەی دوورخراونەتەوە بەڵگەنامەی پەروەردەیی ناڕاستیان پێشکەش کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئابی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "70 کاندیدی دیکە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "دوورخستنەوەكە ئەو کاندیدانەی گرتووەتەوە پێداویستییەكانی كاندیدبوونیان تەواو نەكردووە، یان لیستەکانیان رێژەی لە 20%ی رێگەپێدراو بۆ دەرچووانی قۆناغی ناوەندی تێپەڕاندووە، یان رێژەی نوێنەرایەتیکردنی 25%ی ژنانی تێدا نەبووە.

عیماد جەمیل وتی، "بەشێک لەو کەسانەی دوورخراونەتەوە بەڵگەنامەی پەروەردەیی ناڕاستیان پێشکەش کردووە".

بڕیارە شەممەی داهاتوو تیروپشکی ژمارە قەوارە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت، هاوکات رۆژی دواتر دەنگدانی ئەزمونی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆ تاقیکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی و لۆجستی.



AM:10:19:05/08/2025




ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌