وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، زیاتر لە 825 هەزار کەس ناویان بۆ کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان تۆمارکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 06ـی ئابی 2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پێشکەشکردن بۆ کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و رۆژی یەکشەممەش دوا وادەیە بۆ رادەستکردنی فۆڕمەکان بە بنکەکانی دەنگدان.
بە وتەی جومانە غەلای، تا ئێستا 825 هەزار و 907 کەس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.
بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و بۆ ئەم مەبەستەش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشتر جەختی کردبووەوە کە پێویستیان بە 250 هەزار کارمەند هەیە.
هاوکات، لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بەردەوامییان هەیە، بەڵام بەشێک لە چاودێرانی سیاسی گومان دەکەن لەوەی عێراق لەم بارودۆخەدا بتوانێت هەڵبژاردنێكی سەرکەوتوو ئەنجام بدات.