وەزارەتی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیای فیدراڵ (BMZ) بە رووداوی راگەیاند، حکومەتەکەیان لە ساڵی 2024دا 15 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال خەرج کردووە. گوتیشی، ئەڵمانیا هاوکاریی گەڕانەوەی پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکان و تێکەڵبوونەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەی عێراق دا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، گوتەبێژێکی وەزارەتی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا، لەبارەی دابینکردنی پڕۆژەی مرۆیی بۆ کوردە ئاوارە ئێزدییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ئیمەیڵێکدا وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، لە ساڵی 2014ـەوە بە هاوکاریی حکومەتی ئەڵمانیا، نزیکەی 5 ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی لە عێراق گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پڕۆژانەی ئاوەدانکردنەوە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی بەردەوام دەبن."
وەزارەتەکە ئەوەشی گوت، ئەوان لە چوارچێوەی 11 پڕۆژەدا لە شنگال چالاکن، بە پڕۆژەی وەک چاودێریی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دووبارە بنیادنانەوە بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ دا.
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، لە سەرەتای شەڕی داعشەوە، واتە لە ساڵی 2014ـەوە، ئەڵمانیا بۆ ئاوەدانکردنەوە زیاتر لە دوو ملیار یۆرۆی لە عێراق خەرج کردووە.
لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی وەک پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی عێراق، وەزارەتی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا گوتی، ئەوان بەردەوام وەک هاوبەشێکی نزیکی عێراق دەمێننەوە. بەتایبەتی لە دووبارە تێکەڵکردنەوەی پەنابەر و ئاوارەکان، وەک کۆمەڵگەی ئێزدی.
رۆژی 14ـی ئابیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، عێراق دەتوانێت داهاتی خۆی لەڕێگەی سەرچاوە سرووشتییەکانییەوە زیادبکات، بۆیە ئەو وڵاتە لە ساڵی 2023ـەوە هاوکارییە مرۆییەکانی راگرتووە. بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە داهاتووشدا لە کەرتەکانی ئابووری، وزە و بابەتی گۆڕانی کەشوهەوادا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکار و هاوئاهەنگ دەبێت، بەڵام زیاتر هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی بدەنە عێراق.
بە گوتەی ئەو وەزارەتە، بە بڕوای ئەڵمانیا، دۆخی عێراق "باش بووە" و چیدیکە بەغدا پێویستی بە هاوکاریی مرۆیی نەماوە. ئەوەشی دووپات کردەوە بەرلین وەک "هاوبەشێکی نزیک"ـی بەغدا دەمێنێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2022، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕی 800 ملیۆن یۆرۆی بۆ هاوکاریی مرۆیی و 2.6 ملیار یۆرۆی بۆ سەقامگیری لە عێراقدا خەرج کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رووخانی رێکخراوی داعش، وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە رێگەی "هاوکاریی مرۆیی، گەشەپێدان و رێکارەکانی سەقامگیرکردن"ـەوە هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە. بە گوتەی وەزارەتەکە، بەرلین پڕۆژەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتیی دابین کردووە و هاوکاریی قوربانییان و رزگاربووانی دەستی داعشی کردووە بۆ شیاندنەوەیان و لەبیرکردنی ئەو ئازارانەی چەشتوویانە.
هاوکاریی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بە چ شێوەیەک دەبێت؟
سەبارەت بە هاوکارییەکانی داهاتوو، وەزارەتی دەرەوی ئەڵمانیا گوتی: "ئێستا ئەڵمانیا لە بواری گەشەپێداندا هاوکاریی عێراق دەکات و پڕۆژە شارستانییەکان پێش دەخات. دەمانەوێت گەشەسەندنی ئابووری خێراتر بەرەوپێش ببەین و ئاسایشی وزە دابین بکەین."
بە بۆچوونی ئەڵمانیا، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بوونەتە مەترسی لەسەر عێراق. "بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دەرەنجامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هاوکاریی عێراق دەکەین."
هەروەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێداوە، رێکخراوەکانی وەک "کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی نێودەوڵەتی" (GIZ) و "بانکی قەرزی ئاوەدانکردنەوە" (KfW) و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەر بە کەنیسە ئەڵمانییەکان لە عێراق بەردەوام دەبن.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوە، حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت "هاوکارییەکان پەرە پێبدات" تاوەکو "زیاتر بەرپرسیارێتی بداتە لایەنە عێراقییەکان."