کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا: بە پەرۆشەوە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێر دەڕوانم




کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، بە پەرۆشەوە دەڕوانێتە دوو ساڵی داهاتووی ژیانی دیپلۆماسییەتی لە هەرێمی کوردستان. ئاماژەش بەوە دەکات، تەواوبوونی باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر نزیکە.
 
رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025 وێندی گرین، کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەستبەکاربوون و ئامانجەکانی خۆی لە پۆستە نویێەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە.
 
ویندی گرین لەبارەی خۆیەوە دەڵێت، "خۆم لە بنەڕەتدا خەڵکی ویلایەتی تەکساسم، بەڵام لە چەندین شوێنی جیاجیای جیهان گەورە بووم و ئێستاش ماڵ و مەزرا و ئاژەڵەکانم لە باکووری ویلایەتی ئارکەنسان. بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانمە سەردانکردنی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بینینی خەڵکەکەی و ئاشنابوون بە مێژووە دەوڵەمەندەکەتان."
 
کۆنسووڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر باس لە ژیانی دیپلۆماسیی خۆی دەکات و دەڵێت، لە ماوەی پیشەی دیپلۆماسیدا کە نزیکە لە 25 ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە لە چەندین شوێنی جیهان بژین. 
 
گرین دەڵێت، "شانازی دەکەم بە کارەکانم لە بواری ئاسایش و بنیاتنانی ئاشتی لەو ژینگانەی شەڕیان تێدا بووە یان لە دوای شەڕەوە دروستبوون. هەروەها شانازی دەکەم بە کارکردنم لە بواری بازرگانی و دروستکردنی پردی پێوەندی و متمانە لەگەڵ ئەمریکا لەپێناو هێنانی کایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەردوو وڵات و بەکارهێنانی شێوازی داهێنەرانە بۆ باشترکردنی رۆڵی کۆمەڵگەکانمان."
 
سەبارەت بە ئامانجەکانی لە پۆستە نوێیەکەیدا، کۆنسووڵی گشتی ئەمریکا دەڵێت، "بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانمە بەسەربردنی دوو ساڵی داهاتووم لە هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ بنیاتنانی زیاتر لەسەر هاوبەشیی ئەمریکی و کوردی. بە پەرۆشەوە دەڕوانمە هاوبەشیکردن لەگەڵتان بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لە بواری ئاسایش، ئابووری، پەروەردە و کولتوور. پێکەوە دەتوانین هاوکار بین لە بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی هەردوو گەلەکەمان."
 
ویندی گرین ئەو پەیامەی لەنێو باڵەخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێر تۆمار کردووە و سەبارەت بە باڵەخانەکەش کە بە گەورەترین کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە جیهاندا دادەنرێ، دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانمە کردنەوەی کۆنسووڵخانەی گشتیی نوێی ئەمریکا لێرە لە هەولێر کە زۆر نزیکە لە تەواوکردنی. کۆنسووڵخانە نوێیەکە تەنیا باڵەخانەیەک نییە و بەس، بەڵکو گەواهیدەرێکی بەهێزیی هاوبەشیمان و دەرخەری گرنگیی پەیوەندی ئەمریکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان."
 
لە ماوەی نزیکەی دوو دەیە و نیو لە کاریی دیپلۆماسییدا، ویندی گرین چەندین پۆستی لە نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات هەبووە، لەوانەش لە ئیمارات، هۆڵەندا، ئەسیوپیا، ئەفریقای باشوور.

سەرچاوە /رووداو


PM:02:55:20/08/2025




ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌