"17 کورسیی پەرلەمان لە زیندان دان"




ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا 17 کورسی پەرلەمانی کودستان لە زیندان دان، دەستگیرکردنی سەرۆکی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بە "هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی کاری سیاسی" دەزانێت.

ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەوانیی، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی کوردستان 17 کورسی پەرلەمان لەزیندان دان"، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید- سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لاهور شێخ جەنگی- سەرۆکی بەرەی گەل.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە سەرۆکەکەی هەفتەی پێشوتر دەستگیر کرا، 15 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، هاوکات بەرەی گەل کە ئەم بەیانییە سەرۆکەکەی دەستگیر کرا، 2 کورسیی هەیە کە یەکێکیان هی خودی لاهور شێخ جەنگییە.

بە بڕوای ڕەحمان غەریب، "دەستگیرکردنی سەرۆکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان هەڕەشەیە بۆ سەر فرەیی حزبی و ئازادی کاری سیاسی."
شەوی ڕابردوو هێزێکی زۆری ئەمنی دەوری باڵەخانەی هۆتێل لالەزار و دەورووبەریان دا لە سلێمانی، کە بارەگای سەرەکی بەرەی گەلی لێیە، هێزەکە داوای خۆڕادەستکردنیان لە سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی حزبەکە کرد کە بەوتەی دادگای سلێمانی بە مادەی تیرۆر و بە تۆمەتی دروستکردنی گروپ بۆ تێکدانی ئاسایش، داواکراو بوون.

دوای ڕەدکردنەوەی خۆڕادەستکردن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکە هەڵیکوتایە سەر باڵەخانەکە و شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوولادا ڕوویدا و لەئاکامدا ژمارەیەک کوژراو و بریندار کەوتنەوە کە تائێستا ژمارەی تەواوەتییان ڕانەگەیەنراوە.



پەنجەرە


PM:10:51:22/08/2025




ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌