دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە خانەقین مانیان لە خواردن گرت؛ "هەندێکمان رەوانەی نەخۆشخانە کراین"




بۆ سێیەم رۆژە، ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆی گەرمیان لە قەزای خانەقین مانیان لە خواردن گرتووە و دەڵێن، تاوەکو داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت، کۆتایی بە مانگرتنەکەیان ناهێنن. داواکاریی سەرەکییان ئەوەیە حکومەتی عێراق دان بە بڕوانامەکانیاندا بنێت.
 
محەممەد یوسف، کە لە ساڵی 2018 بە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشی وەرزشیی زانکۆی گەرمیان دەرچووە، یەکێکە لەو پێنج دەرچووەی دوو رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە. ئەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ناوی بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە، بەڵام "بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق دان بە بڕوانامەی زانکۆی گەرمیاندا نانێت، داواکارییەکەم رەتکراوەتەوە".
 
محەممەد یوسف گوتیشی: "دوو رۆژە مانمان لە خواردن گرتووە و بۆ سێیەم رۆژ دەڕوات. بەداخەوە هەندێک لە هاوڕێ دەرچووەکانمان تەندروستییان ناجێگیر بوو و رەوانەی نەخۆشخانە کران".
 
لە رۆژی 19ـی ئابەوە، بەشێک لە دەرچووانی زانکۆی گەرمیان و مامۆستایان لەبەردەم کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان لە خانەقین خێمەی مانگرتنیان هەڵداوە و دەڵێن، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ناگەڕێنەوە ماڵەوە.
 
مانگرتن لە خواردن کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی بەشێک لە مانگرتووەکان داناوە. بنیامین ئیسماعیل، یەکێکی دیکە لە دەرچووە مانگرتووەکان بە رووداوی گوت: "ئێستا تۆزێک باشترم، بەڵام بەیانی زەختم دابەزیبوو و لەگەڵ براکەم چووینە نەخۆشخانە".
 
دەرچووەکان سوورن لەسەر ئەوەی هەموو رێگەیەک بگرنەبەر بۆ گەیاندنی دەنگیان. راژان مەجید، دەرچوویەکی دیکەی زانکۆی گەرمیانە و دەڵێت، "مانگرتنمان لە خواردن درێژەپێدەری مانگرتنەکەمانە لەنێو خێمەکە. جگە لەوەی دەمانەوێت دەنگمان بە لایەنە حیزبی و راگەیاندنەکان بگات، دەمانەوێت داواکارییەکانمان بگاتە رێکخراوە مرۆییەکانیش".
 
کێشەی دانپێدانەنانی بڕوانامەی بەشێک لە کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان لەلایەن بەغداوە، نەوەی نوێی دەرچووانیشی نیگەران کردووە. عەلی حەسەن، کە ئەم ساڵ زانکۆی تەواو کردووە، نیگەرانیی خۆی بۆ رووداو خستەڕوو و گوتی: "لەسەرەتاوە گوترا دانپێدانانی زارەکی بە کۆلێژەکانماندا کراوە، بەڵام دواتر ئەو دانپێدانانە هەڵوەشایەوە. ئەگەر من ئێستا قسە نەکەم، چارەنووسم وەک ئەو کەسانە دەبێت کە 7 ساڵە لە ماڵەوە دانیشتوون".
 
زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2010 دامەزراوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 17 هەزار دەرچووی هەبووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی پێنج هەزار لەو دەرچووانە دانیشتووی خانەقینن یان ناسنامەیان سەر بەو قەزایەیە، ئەمەش وایکردووە کێشەی دانەمەزراندنیان ببێتە گرفتێکی گەورە لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە /رووداو


 


AM:11:30:24/08/2025




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌