دیاری‌ محه‌مه‌د: رووداوه‌كه‌ی‌ لاله‌زار كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئازادی‌ راده‌ربڕین دروست كردووه‌



وێستگه‌نیوز-

دیاری‌ محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆر له‌ چاوپێكه‌تنێكدا له‌گه‌ڵ‌ كه‌ناڵی‌ كوردستان 24 رایگه‌یاند كه‌:

*ئه‌و رووداوه‌ خوێناوییه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ روویدا كاریگه‌رییه‌كی‌ خراپی‌ هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌روونی‌ تاكه‌كان و ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ دروست كرد.
*كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئازادی‌ راده‌ربڕین و كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ دروست كردووه‌.

*كه‌ناڵی‌ زووم خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی‌ بۆ لاهور شێخ جه‌نگی‌ و به‌ره‌ی‌ گه‌ل ناگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵكو مۆڵه‌ته‌كه‌ی‌ به‌ناوی‌ رۆژنامه‌نووسێكه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سێكی‌ دیاره‌.

*به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ئاگاداری‌ كردینه‌وه‌ كه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ رووبدات له‌به‌ر سه‌لامه‌تی‌ گیانی‌ رۆژنامه‌نووس و كارمه‌نده‌كانیان كه‌ناڵه‌كه‌یان چۆڵ‌ كردووه‌.

*دوای‌ ته‌واوبوونی‌ شه‌ڕه‌كه‌، هێزێكی‌ ئه‌منی‌ چووه‌ته‌ كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ ناو پرۆژه‌ی‌ ده‌روازه‌ و كۆمه‌ڵێك كارمه‌ندی‌ لێبووه‌ هه‌موویانیان ده‌ركردووه‌ و ده‌رگاكانیان شكاندووه‌ و كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌لیان بردووه‌.

*دواتر هێزه‌كه‌ ئاگاداری‌ كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ كه‌ناڵه‌كه‌، كه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ده‌رگاكانیان پێ‌ چاككردوون و دواتر كلیله‌كانیان لێوه‌رگرتوون و وتوویانه‌ بڕۆنه‌وه‌.

*له‌وكاته‌وه‌ چ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كه‌ناڵه‌كه‌ چ كارمه‌ندان نه‌یانتوانیوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو كه‌ناڵه‌كه‌ی‌ خۆیان و زانیارییان هه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئامێره‌كان بردراوه‌.

*هێزێكی‌ ئه‌منی‌ له‌وێ‌ جێگیركراوه‌ كه‌ نازانن كێیه‌ و وه‌ك سه‌نته‌ری‌ میترۆ په‌یوه‌ندیمان به‌ ئاسایشه‌وه‌ كرد و پێیان راگه‌یاندین كه‌ ئه‌و هێزه‌ سه‌ر به‌وان نییه‌.

*سه‌لامه‌تی‌ رۆژنامه‌نووسانی‌ كه‌ناڵی‌ زووم له‌ ئه‌ستۆی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ سلێمانی-یه‌.



AM:09:58:26/08/2025




ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌