ئەو بوارانە چین کە خەڵک لە ChatGPT پرسیاری لەبارەیەوە دەکەن؟



گەنجێکی تەمەن 22 ساڵی کورد لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستڤاڵنی ئەڵمانیا، بە 370 دەنگ توانی سەرکەوتن بۆ پارتی سۆسیال دیموکرات لە شاری ڤیتن بەدەست بهێنێت. ئەو گەنجە کوردە دەڵێت، نە خۆی و نە پارتەکەی چاوەڕێی سەرکەوتنیان نەدەکرد، بۆیە سەرکەوتنەکەی بووە جێگەی سەرسوڕمانی هەمووان.
 
سان جۆڵا، بەربژێری کوردی سۆسیال دیموکرات، لەبارەی سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنە خۆجێیی و ئەنجوومەنەکانی یەکگرتنەوە لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، پێشبینی سەرکەوتنی خۆی نەدەکرد، چونکە رکابەرەکانی کەسانی سیاسیی بەئەزموون بوون، بەڵام ئەو توانی لە هەموویان زیاتر دەنگ بەدەست بهێنێت.
 
جۆڵا، بەناوی پارتی سۆسیال دیموکراتەوە لە گەڕەکی ئیننێنشتا- سویدوێستی شاری ڤیتن، بە 370 دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەچێتە پەرلەمانی شارەکەی.
 
سان جۆڵا خۆی پێشبینی سەرکەوتنەکەی نەدەکرد و گوتی، "سەرکەوتنەکەی "چاوەڕواننەکراو" بوو، ئەو هیوای هەبوو بەڵام پێشبینی نەکرد. بەتایبەت پێنج ساڵ لەمەوبەر شارەکەیان بۆ پارتی سەوزەکان لە دەست دا.
 
جۆڵا گوتی، هیچ کەسێک بڕوای نەدەکرد کە ئەو بەم تەمەنە کەمە بتوانێت شاری ڤیتن بۆ سۆسیال دیموکراتەکان بگەڕێنێتەوە.
 
ئەو گەنجە کوردە پێیوایە، ئەنجامەکانی سەرکەوتنەکەی لەبەر ئەوە جێگەی سەرنجن، چونکە رکابەری سەرەکیی ئەو لیانە باومان، تەمەن 52 ساڵ بوو، کە زیاتر لە 32 ساڵە کاری سیاسی دەکات. 
 
لەو شارەدا پارتی سۆسیال دیموکرات، 23٪ی دەنگەکانیان بە دەستهێنا و یەکەم بوون، پارتی سەوزەکان توانیان بە 21.96%ی دەنگەکان پلەی دووەم و پارتی چەپەکانیش بە 18.04%ی دەنگەکان پلەی سێیەم بەدەست بهێنن.
 
جۆڵا بۆ شاری ڤیتن چی دەکات؟
 
سان دەڵێت، سەرنجی لەسەر سێ بوارە بۆ شارەکەی، "من بۆ سێ بابەت کار دەکەم، دڵم دەیەوێت بازاڕی خۆجێیی بەهێز بکەم. بەداخەوە، بۆ نموونە کتێبخانەیەکی کۆن لە شارەکەمان داخرا."
 
جۆڵا گوتیشی، قوتابخانەکانی شارەکەیان لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بۆیە دەیەوێت گرنگی بە قوتابخانە و باخچەکانی منداڵان بدات.
 
لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا جۆڵا جۆڵا دەیەوێت کار بکات. بەتایبەت لە بواری هاوکاری و دۆستایەتیدا. جۆڵا گوتی، "دەرفەت هەیە، ڤیتن هاوپەیمانی لەگەڵ شارەکانی کوردستانیش بکات". بە گوتەی جۆڵا، ئەو خۆی بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سلێمانی، هەولێر و شارەکانی رۆژئاوای کوردستانیش لە پەیوەندیدایە.
 
شاری ڤیتن دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای دوسڵدۆرف لە ناوەڕاستی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن. نزیکەی 100 هەزار کەس لەم شارەدا دەژین. جۆڵا خۆشی وەک خوێندکار لە زانکۆیەکی تایبەت ئابووری، سیاسەت و یاسا دەخوێنێت. ئەو هەروەها سەرۆکی لاوانی سۆسیال دیموکراتەکانی شاری ڤیتنە.
 
سەرچاوە /رووداو



AM:10:28:16/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌