حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەمەودوا رووماڵی تاوانەکان لە هەرێمی کوردستان قەدەخەیە. نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، پشتگیری بڕیارەکە دەکەن و دەبێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ژوورێکی عەمەلیات پێکبهێندرێت. سەنتەری میترۆش رەتیدەکاتەوە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت: "دژی یاسای رۆژنامەگەرییە".
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "بۆ پاراستنی رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان، رووماڵی تاوان قەدەخە دەکرێت، ئەوەش بەگوێرەی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لەمەودوا رێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی رووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و رووماڵی بکەن".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، گشتاندنەکە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و تێیدا داوا كراوە، "بۆ پاراستنی رێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی رووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، رێگە نەدرێت رووماڵی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە رۆژنامەڤانان، سەندیکای رۆژنامەنووسان و وەزارەتی رۆشنبیری نەکراوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسان: پشتگیری بڕیارەکە دەکەین
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە پشتگیریی گشتاندنەکە دەکەین، بەڵام وەکو رابردوو، ئێستاش دووبارە داوا دەکەینەوە، کە دەبێت ژوورێکی عەمەلیات بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێکبێت".
ئەو ژوورەی سەندیکای رۆژنامەنووسان داوای دەکات، دەیانەوێت جگە لە نوێنەری سەندیکا، ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزارەتەکانی ناوخۆ و رۆشنبیری و دەستەی مافی مرۆڤ تێیدا ئەندام بن و بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە هاوئاهەنگی یەکتر بکەن.
ئازاد حەمەدەمین دەڵێت: "ئامانجمان ئەوەیە نابێت ئاستی هەواڵەکان لە داهاتوودا لەچوارچێوەی ئیتک و کاری پیشەیی رۆژنامەنووسی دەربچێت".
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا ئاماژە بەوە نەکراوە، کە ئەگەر میدیاکان رووماڵ بکەن بەچی یاسا و میکانیزمێک لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
سەنتەری میترۆ: بڕیارەکە رەتدەکەینەوە
لەبارەی بڕیارەکەوە، دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان و ئازادی رادەربڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رووماڵی تاوان ئاساییە و نابێتە تاوان بۆ رۆژنامەنووس، چونکە ئەوە بە یاسای کاری رۆژنامەڤانی دەستبەرکراوە. تەنیا کێشەیەکمان هەیە، ئەویش ئەوەیە رووماڵەکان پیشەییانە ناکرێن، بەتایبەت ئەو میدیایانەی لە سۆشیال میدیا کار دەکەن و ئامانجیان تەنیا لایک و کۆمێنتە".
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ گوتیشی: "بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتباران پێش بڕیاری دادوەر، وەکو کەیسی چالاکڤانانی بادینان یان رووداوەکانی لالەزار، لەپێشینەترە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکات بۆ قەدەخەکردنیان، کە پێچەوانەی عورف و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پێچەوانەی دەستووری عێراقیشە، کە هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تاوەکو تاوانەکەی بەسەردا ساخدەبێتەوە".
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ داوا دەکات، "کار بکرێت بۆ ئەوەی کواڵیتی کار و پیشەی رۆژنامەڤانان بۆ رووماڵەکان بەرزبکرێتەوە، نەوەکو قەدەخە بکرێت کە بەپێی کاری یاسای رۆژنامەنووسی مافێکی رۆژنامەنووسانە، یاساش لە بڕیارەکان بەهێزترە، بۆیە ئێمە رەتیدەکەینەوە و بە بڕیارێكی پووچەڵی دەزانین".
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەپرسێت: "دەبێت بزانرێت بڕیارێکی وا دەدرێت بەسەر هەموو میدیاکاندا جێبەجێ دەکرێت؟ چونکە هەندێک میدیا ئەفسەرەکان خۆیان چیرۆکی تاوانەکانیان بۆ دەگێڕنەوە و هاوکاریانن".
بەگوێرەی ئاماری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ رووداو، هەزار و 618 دەزگای راگەیاندن بە فەرمی تۆمار کراون، کە لە 127 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی نێوخۆیی، 30 کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ئاسمانی، 179 رادیۆ، هەزار و 10 رۆژنامە و گۆڤار، 145 ماڵپەڕ و 127 پەیجی فەیسبووک.
سەرچاوە/ ڕووداو