تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەم مانگەدا لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی رێگری لە دوو کۆنگرەی رۆژنامەڤانی کراوە بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت. بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت: "کۆنگرەی رۆژنامەڤانی مۆڵەتی ناوێت".
لە راگەیێنراوەکەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە هاوپەیمانیی 19 رایگەیاندووە، "رێگریی لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكان لە هەولێر و سلێمانی، بەبێ پاساوێكی یاسایی روون، پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە".
شایی ئاسۆ، رێکخەری تۆڕی هاوپەیمانیی 19، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکییەکان یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان بەرکارە و لەو یاسایەشدا بەهیچ شێوەیەک باسی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی نەکراوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "شەممە 20ی ئەیلوولی 2025، بڕیاربوو رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان، دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ، دەستەی داكۆكیكردن لە مافی مامۆستایان، لە باخچەیەك لە بەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی رێكبخەن، یاداشتێك بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لەخۆگرتووە، هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردوون".
لەبارەی سلێمانیشەوە هاوپەیمانییەکە دەڵێت: "09-09-2025 بڕیاربوو رێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لە پاركی نالی شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت رێگەیان نەدان".
دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنگرەی رۆژنامەڤانی مۆڵەتی ناوێت و نابێت رێگری لێبکرێت. هەروەها دەبێ رۆژنامەڤانیش ئازادانە رووماڵی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان بکەن".
هاوپەیمانی 19 داوا دەکات، "مەرجی بوونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەڤانی لە شوێنی كراوە و داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانە و بێ سەركوتكردن كاری خۆیان بکەن".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی 19دا هاتووە: "ئەو دوو چالاكییە گردبوونەوەی گشتی نەبوون بە مەبەستی خۆپێشاندان، مانگرتن، پەناگیری، وەك لە مادەی یەكی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2010، رێكخستنی خۆپێشاندان هاتووە تاوەکو رێكخەرانی داوای مۆڵەت لە لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانیش قبووڵ یان رەتیبكەنەوە".
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوە بێ، لە "یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2010 بۆ رێكخستنی خۆپێشاندان، تیشك دەخاتە سەر خۆپێشاندان و رێپێوان و كۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەكان، بەڵام باسی لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكان نەكراوە، بەڵام ئێستا لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە شوێنی كراوەدا، بەڵكو لە هۆڵی داخراویشدا دەزگانی ئاسایش داوای مۆڵەت دەكەن و دەیخەنە چوارچێوەی ئەو یاسایەوە".
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و خۆیان دەڵێن، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكەن و ناوەندی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە.
سەرچاوە / رووداو