بیبلیۆگرافیای كتێبی میدیایی كوردی 500 ناونیشان دەخاتە روو



لە كۆكردنەوەی و ئامادەكردنی د. یەحیا عومەر ڕێشاوی، "بیبلیۆگرافیای كتێبی میدیایی كوردی" كە 500 ناونیشانی كتێبی میدیایی لەخۆ دەگرێت، لە سەر ئەركی سەنتەری میترۆ لە (چاپخانەی كارۆ) چاپكراوە، بڕیارە لە داهاتوودا چەند بەرگێكی تریش ئامادە بكرێت بۆ چاپ.

كتێبەكە 277 لاپەڕە لە خۆ دەگرێت، بەسەر هەشت بەشی سەرەكیدا دابەشكراوە: مێژووی رۆژنامەنووسیی، زانست و بنەماكانی میدیا، هونەری رۆژنامەنووسی، هۆشیاریی میدیایی، دیمانە و وتاری رۆژنامەوانی، رادیۆ و تەلەفزیۆن، ئەكادیمی و توێژینەوە و میدیای نوێ.

بە بڕوای د. ڕێشاوی، "بە بەراورد بە بیست ساڵی پێشتر دەوڵەمەندییەكی رێژەیی هەم لە كتێبە چاپكراوەكانی پسپۆرییەتیی میدیا بە زمانی كوردی دەبینرێت هەم لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیشدا بە دەیان توێژینەوەی ماستەر و دكتۆرا پێشكەشكراون، جگە لە ژمارەیەكی بەرچاو لە توێژینەوەی زانستیی گۆڤارە ئەكادیمی و كۆنفرانسە زانستییەكان، بەجۆرێك هەنگاو بەرەو تایبەتمەندێتی دەنێین و لە بوارە جیاجیاكاندا سەرچاوەی میدیایی لە كتێبخانەی كوردیدا دەبینین.

هەروەها، لە پێشەكی كتێبەكەیدا، د. یەحیا نوسیویەتی "ئەو كتێب و سەرچاوە میدیاییانەی كە لەم بەرگەدا تۆمار نەكراون و ئەوانەش كە لە ساڵانی داهاتوو دەنوسرێن و دەخرێنە سەر زمانی كورد، لە بەرگەكانی داهاتوودا هەوڵدەدەین تۆماریان بكەین و كتێبەكەی پێ دەوڵەمەندتر دەكەین."

سەنتەری میترۆ دەستخۆشی لە ئامادەكارەكەی دەكات، خۆشحاڵە لەگەڵ كەسایەتییەكی ئەكادیمی وەك د. یەحیا ڕێشاوی، هاوبەشە بۆ دەوڵەمەندكردنی كتێبخانەی كوردی.


PM:12:49:24/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌