سی پی جەی دەڵێت، رێگریکردن لە رووداو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکان "هێرشی راستەوخۆیە بۆسەر ئازادیی راگەیاندن"




کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان (CPJ) کە بنکەکەی لە نیویۆرکە و وەک چاودێری جیهانیی ئازادیی رۆژنامەڤانی کار دەکات، دەڵێت، "بڕیاری پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەدەخەکردنی تۆڕی میدیایی رووداو یان هەر دەزگایەکی دیکەی راگەیاندن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی، مایەی قبووڵکردن نییە."

لە راگەیێندراوەکەیدا کە بە ناوی دوجا داوود، رێکخەری پڕۆگرامی رێکخراوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، CPJ دەڵێت، "پەراوێزخستنی رۆژنامەڤانان بەم شێوەیە، نەوەک هەر جیاکارییە، بەڵکو دەستوەردانێکی سیاسی و هێرشێکی راستەوخۆیە بۆسەر ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستانی عێراق."

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا CPJ دەڵێت، "پێویستە دامودەزگەکان دەستڕاگەیشتنی یەکسان بۆ هەموو میدیاکان مسۆگەر بکەن و دەستەبەجێ کۆتایی بەم کۆتوبەندانە بێنن." 

رۆژی چوارشەممە 24-09-2025 گوتەبێژی حکومەت دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران رێگەی بە ئامادەبوونی پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەی نەدا و هۆشداریی بە پەیامنێری کەناڵ 8یش دا کە "لەوانەیە رۆژێک رووبدات" رێگری لە بەشداربوونی ئەوانیش بکەن، بەڵام بۆ ئێستا، گوتەبێژەکە وەک خۆی دەڵێت، پێیوایە "هەواڵەکانی حکومەت بە شێوەیەکی دروست و گونجاو" دەگوازنەوە.

هەمان رۆژ رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت، "گوتەبێژ لەسەروو یاساوە نییە و کاری ئەو نییە کۆنفرانسی رۆژنامەگەری بکاتە پۆلێک بۆ گوتنەوەی وانەی ئەخلاقی رۆژنامەگەری."
دەقی پەیامەکەی سی پی جەی - کۆمیتەی پاراستنی رۆژانامەڤانان (CPJ)

"بڕیاری پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەدەخەکردنی تۆڕی میدیایی رووداو یان هەر دەزگایەکی دیکەی راگەیاندن لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی، مایەی قبووڵکردن نییە. پەراوێزخستنی رۆژنامەڤانان بەم شێوەیە، نەوەک هەر جیاکارییە، بەڵکو دەستوەردانێکی سیاسی و هێرشێکی راستەوخۆیە بۆسەر ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پێویستە دامودەزگەکان دەستڕاگەیشتنی یەکسان بۆ هەموو میدیا مسۆگەر بکەن و دەستبەجێ کۆتایی بەم کۆتوبەندانە بێنن."


رووداو دیجیتاڵ




AM:01:08:28/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌