رەحمان غەریب: هەندێک وەزارەت لیستی رەشیان بۆ رۆژنامەنووسان هەیە



ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی دەستکەوتنی زانیارییە و 12 ساڵ بەسەر دەرچوونی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێ. رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان وەک پێویست زانیاری نادرێتە رۆژنامەنووسان و تەنانەت هەندێک وەزارەت لیستی رەشیان بۆ رۆژنامەنووسان هەیە". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 29-9-2025، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی رایگەیاند: "لە هەر شوێنێک یاسا هەبێت و جێبەجێ نەکرێ، بێگومان شتێکی خراپە." گوتیشی: "یاسای دەستکەوتنی زانیاریمان هەیە، بەڵام رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی نەبێ، وەک ئەوە وایە بۆ دیکۆر دانرابێ."
 
سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەکەن بەپێی مادەی (25)ـی یاسای ژمارە (11)ـی ساڵی 2013، بە هاوئاهەنگی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری لە جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات.
 
رەحمان غەریب گوتی، مافی زانیاری "یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ" و گوتی: "بەهۆی مافی زانیینەوەیە کە هاووڵاتی دەتوانێ بەشدارییەکی کارا لە حکومەت بکات، دەنگ بدات و شەڕی گەندەڵی بکات. تەنانەت بەهۆی زانیاریشەوە مرۆڤ دەتوانێ ئاگای لە تەندروستیی خۆی بێت."
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستا، رەحمان غەریب گوتی "هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک یاسای خۆی هەیە. فەرهەنگێکی شاردنەوەی زانیاری هەیە لە دەوڵەتی عێراقەوە بۆمان ماوەتەوە." گوتیشی: "هەندێک وەزارەت لیستی رەشیان بۆ رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن هەیە."
 
لە کاتێکدا رەخنە لە جێبەجێنەکردنی یاساکە دەگیرێ، رەحمان غەریب ئاماژەی بەوەکرد "یاساکەی هەرێمی کوردستان یاسایەکی باشە، تەنانەت لە یاسای وڵاتانی دەوروبەریشمان باشترە و لە کاتی خۆیدا بە کۆدەنگیی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەرچوێندرا."
 
چارەسەری سەرەکی، بە بڕوای رێکخەری سەنتەری میترۆ، دەرکردنی رێنماییەکانە و گوتی: "یەکەم هەنگاو و کاری لەپێشینە ئەوەیە کە ئەنجوومەنی وەزیران رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات، بۆ ئەوەی یەک شێوازی مامەڵەکردن هەبێ و هەموو فەرمانگەیەک پابەند بێت پێوەی."


AM:11:38:29/09/2025




ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌