جێگری بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەم بارودۆخەی جیهاندا، رۆڵی میدیا و رۆژنامەڤانان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا "لە هەموو کاتێک گرنگترە." هەروەها ستایشی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ "رووماڵکردنی بابەتییانەی هەڵبژاردنەکان و تیشکخستنە سەر بەشداریی گەنجان و ژنان."
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 06-10-2025، تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر، بە فەرمی بەرنامەکانی بۆ رووماڵکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو.
رادوو بۆتووم، جێگری نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بناخەی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بەهێز و خۆڕاگرە."
بۆتووم ئاماژەی بە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستبەکارنەبوونی پەرلەمان کرد لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردوو و گوتی: "ئێمە ئێستا لە تشرینی یەکەمی 2025داین و تێدەگەین کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت هێشتا بەردەوامە."
"جیهانی ئەمڕۆ لێبووردە نییە"
بۆتۆم، بە ئاماژەدان بە گوتارێکی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، هۆشداریدا و گوتی: "جیهانی ئەمڕۆ لێبووردە نییە." گوتیشی: "هەر لەم کاتە هەستیارانەدایە کە پرۆسەکانی هەڵبژاردن مانایەکی گەورەتریان هەیە و رۆڵی میدیا و رۆژنامەڤانان گرنگتر دەبێت."
دیپلۆماتەکەی یەکێتیی ئەورووپا جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵگەکان بەهێزتر دەبن کاتێک "رۆژنامەڤان هەست بە سەلامەتی دەکات" و "دەزگە میدیاییەکان ئازادیی بڕیاردانیان هەیە."
ئەزموونی ئەورووپا و مەترسیی زانیاریی چەواشەکارانە
بۆتۆم ئاماژەی بە چەندین ئامراز و یاسای یەکێتیی ئەورووپا کرد بۆ پاراستنی ئازادیی میدیا، لەنێویاندا "یاسای ئازادیی میدیای ئەورووپی" و "رێنمایی SLAPS" کە بۆ رێگریکردنە لە سکاڵای ستراتیژی دژی رۆژنامەڤانان.
هەروەها هۆشداری لە "مەترسییە گەورەکانی زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە، بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا" دا.
لە کۆتاییدا، بۆتۆم سوپاسی رووداوی کرد و گوتی: "حەز دەکەین سوپاسی رووداو بکەین بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەتایبەتی بۆ رووماڵکردنی بابەتییانەی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا و بۆ تیشکخستنە سەر بەشداریی گەنجان، بەربژێرانی ژن و دەنگدەرە گەنجەکان."
دەقی گوتارەکەی
رادوو بوتووم، بەرپرسی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان
سوپاس بەڕێز بێستوون، هەروەها بۆ ئەو چیرۆکە ئیلهامبەخشانەی کە بۆمانی دەگێڕیتەوە. ئەوان بەڕاستی کاریگەریی باشیان لەسەر رۆح و دڵمان هەیە. بەڕێز کاک ئاکۆ بەڕێوەبەری گشتی، هاوکارە ئازیزەکانم لە کۆمەڵگەی دیپلۆماسی و دەسەڵاتداران، دۆستان و هاوڕێیانی خۆشەویست، خانمان و بەڕێزان.
سوپاس بۆ بانگێشتکردن و رێکخستنی ئەم بۆنە زۆر گرنگە. شانازییە بۆ من لێرە بم و هەروەها پەیامێک لەبری کلیمن زێنتینا، باڵیۆزی نوێی یەکێتیی ئەورووپا بگەیەنم، کە نزیک بوو لێرە بێت بەڵام دواجار ئەمشەو دەگاتە کوردستان، لە راستیدا دەگەڕێتەوە، چونکە پێشتر لێرە بووە.
خانمان و بەڕێزان، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بناخەی هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بەهێز و خۆڕاگرە. هەموومان ئەوە دەزانین، هەروەها دەزانین کە هیچ پێکەوەژیانێکی کۆمەڵایەتیی درێژخایەن، هیچ گەشەپێدانێکی ئابووریی بەردەوام و هیچ دەوڵەتێکی بەهێز بەبێ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە بوونی نابێت. هەڵبژاردن ناتوانێت گەرەنتیی هەموو ئەمانە بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە مەرجێکی پێویستە بۆ هەموویان.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەڵبژاردنەکان تشرینی یەکەمی رابردوو دوای دواکەوتنێکی زۆر کران و دەبێت بڵێین، جێگەی رەزامەندیی هەمووان بوو؛ ئەکتەرە سیاسییەکان، هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لەو کاتەدا، یەکێتیی ئەورووپا، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و زۆر لە هاوبەشەکانمان پیرۆزباییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ رێکخستنی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکان و هیوایان خواست پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت خێرا بێت.
ئێمە ئێستا لە تشرینی یەکەمی 2025داین و تێدەگەین کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت هێشتا بەردەوامە. جێگەی سەرنجە، چالاکیی پەرلەمان هێشتا دەستیپێنەکردووەتەوە لەدوای هەڵپەساردنی یەکەم دانیشتن لە کانوونی یەکەمی 2024دا، کاتێک ئەندامە نوێیەکان سوێندیان خوارد.
لەم بارودۆخەدا، مرۆڤ دەبێت دان بەوەدا بنێت و من دەمەوێت دان بەوەدا بنێم ستایشی ئەکتەری سەرەکیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوودا بکەم کە خەڵکی کوردستان و هاووڵاتیانن. من پیرۆزباییان لێدەکەم و ئێمە ستایشیان دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە بنەما دیموکراتییەکان، بۆ ئەو متمانە زۆرەی بە چینی سیاسیی خۆیانیان بەخشیوە، بۆ هیوا و خەونەکانیان، بۆ خۆڕاگرییان و بۆ رێژەی بەرزی بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. پێموایە رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووان بەشدارییان کرد.
هاووڵاتیان دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی حکومەتەکان حوکمڕانیی بکەن و پەرلەمانەکان یاسا دەربکەن. بۆیە بینینی پێکهێنانی خێرای حکومەت و دامەزراندنی پەرلەمانی نوێ، جێگەی پێشوازییە. ئەم ساڵ دەرفەتەکە دیسان دێتە پێشەوە ئەمجارە بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق، هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە تشرینی دووەمدا لە بارودۆخێکی هەرێمی و جیهانیی زۆر ناسەقامگیردا دەکرێن. ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە گوتاری ساڵانەی یەکێتیی ئەورووپا لە سەرەتای ئەم ساڵ لە مانگی ئەیلوولدا زۆر روون بوو.
ئەو گوتی: "جیهانی ئەمڕۆ لێبووردە نییە."
هەر لەم کاتە هەستیارانەدایە کە پرۆسەکانی هەڵبژاردن مانایەکی گەورەتریان هەیە. هەر لەم ساتانەدایە کە رۆڵی میدیا و رۆژنامەڤانان گرنگتر دەبێت لە هەموو کاتێک.
ئێستا، هەموومان دەزانین یەکێتیی ئەورووپا نوێنەرایەتیی چی دەکات، لانیکەم هیوادارم بزانین. یەکێتیی ئەورووپا نوێنەرایەتیی ئازادیی میدیا، ئازادیی رادەربڕین و دەستڕاگەیشتنی ئازاد و یەکسان بە زانیاری دەکات. هەم لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا و هەم لە وڵاتە هاوبەشەکانماندا. ئەمە تەنیا لەپێناو بنەمادا نییە، تەنیا قسە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئێمە بەڕاستی پێمان وایە شایەنی ئەوەیە.
ئێمە بەڕاستی باوەڕمان وایە کە کاتێک رۆژنامەڤانێک هەست بەسەلامەتی دەکات بۆ پێشکێشکردنی ناوەڕۆکی بەڵگەدار و بابەتی؛ کاتێک دەزگە میدیاییەکان ئازادیی بڕیاردانیان هەیە؛ کاتێک کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێت بەرگری لە ئازادیی رادەربڕین و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ هەمووان بکات، کاتێک ئەم مەرجانە بوونیان هەیە، کۆمەڵگەکانمان بەهێزترن.
ئەوە ئێمەین؛ کۆمەڵگەکانمان، وڵاتەکانمان، دەنگدەرەکانمان، سیستمە سیاسییەکانمان؛ کە لەوە سوودمەند دەبین. ئێمە خۆڕاگرتر و گونجاوتر دەبین بۆ ئەو جیهانە دڵڕەقەی کە لەبەردەمماندا پەرەدەسێنێت.
هیوادارم ئەمە وەک ئامۆژگاریکردن سەیر نەکرێت. بۆ سەلماندنی ئەوە، دەمەوێت کەمێک باسی ئەوە بکەم کە ئێمە لە ئەورووپا چی دەکەین بۆ دڵنیابوون لە ئازادیی میدیا. ئێمە چەندین ئامراز و میکانزممان پەرەپێداوە و هێشتا کاریان لەسەر دەکەین. هەرگیز بەس نییە، هەمیشە کاری زیاتر هەیە بۆ کردن بۆ دڵنیابوون لەوەی میدیا بەهێز دەمێنێتەوە و رۆڵی خۆی دەگێڕێت.
بۆ نموونە، ئێمە راپۆرتێکی ساڵانەی سەروەریی یاسامان هەیە بۆ هەر وڵاتێکی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، کە تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ هەر وڵاتێک دەکرێت لەسەر چوار کۆڵەکە؛ کە یەکێکیان فرەچەشنیی میدیا و ئازادیی میدیایە. ئەگەر هەڵسەنگاندنەکە خراپ بێت، رەنگە سزا هەبێت.
هەروەها چاودێری فرەیی میدیامان هەیە، کە توێژینەوەیەکی ساڵانەیە و ئاستی مەترسی و هەڕەشەکان بە بەکارهێنانی 20 نیشاندەر هەڵدەسەنگێنێت. ئەگەر نیشاندەرەکان نیگەرانی دروست بکەن، رێکار دەگیرێنەبەر.
ئامرازێکی گرنگی دیکە وەڵامی خێرای ئازادیی میدیایە (MFRR) کە سەکۆیەکی تایبەتە، ئەگەر رۆژنامەڤانان لەبەر هەر هۆکارێک بکەونە مەترسییەوە، رێکاری خێرا دەگیرێتەبەر.
با ئاماژە بە دوو پێکهاتەی سەرەکیی چوارچێوەی یاسایی خۆشمان بکەم. یاسادانان بە تەنیا بەس نییە، بەڵام گرنگە. یەکەمیان یاسای ئازادیی میدیای ئەورووپییە، کە لە ئایاری 2024دا چووە واری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی پشتیوانیکردنی سەربەخۆیی فرەیی میدیایە. شەفافیەت و دادپەروەری بەهێزتر دەکات و هانی هاوکاریی باشتر دەدات لەنێوان دەسەڵاتەکانی میدیا لە هەموو وڵاتانی ئەندامدا.
دووەمیان پڕۆژەی SLAPSـەکە ئێمە زۆر بایەخی پێدەدەین. ئەم رێنماییە رێگە بە دادوەران دەدات سکاڵا ستراتیژییەکانی دژی بەشداریی گشتی بناسنەوە و زوو رەتیان بکەنەوە، رۆژنامەڤانان یان چالاکڤانان لە باری بەرگریکردن لە خۆیان لەو کەیسانەدا رزگار بکات کە بە نیازی خراپ تەنیا بە ئامانجی بێدەنگکردنیان تۆمار کراون.
داواتان لێدەکەم سەیری هەردوو بەشە یاساکە بکەن. ئەوان لە ماڵپەڕی یاسادانانی یەکێتیی ئەورووپای ئێمەدا بەردەستنeur-lex.europa.eu. هەموو یاسادانانی یەکێتیی ئەورووپا لەوێیە.
ئێمە هەروەها لە پشتیوانیکردنی ئازادیی میدیا لە وڵاتە هاوبەشەکانماندا بەشدارین، لەنێویاندا عێراق. دەمەوێت ئاماژە بە پرۆژەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش بکەم: سۆشیاڵ میدیا بۆ ئاشتی، کە لەلایەن یونسکۆوە بەڕێوەدەبرێت. عێراق یەکێکە لە پێنج وڵاتی سوودمەند. ئامانجی ئەم پرۆژەیە بەهێزکردنی خۆڕاگریی کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر ناوەڕۆکی زیانبەخش لەسەر ئینتەرنێت، بەتایبەتی گوتاری رقهەڵگر و هاندان بۆ تووندوتیژی. لەکاتێکدا پاراستنی ئازادیی رادەربڕین و برەودان بە ئاشتی لەرێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە، بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. کاتێک دەڵێم سۆشیاڵ میدیا، ئەمە من دەباتە سەر خاڵی کۆتاییم: مەترسییە گەورەکانی زانیاریی هەڵە و زانیاریی چەواشەکارانە، بەتایبەتی لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.
لە ئەورووپا، ئێمە کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم دیاردەیەمان بینیوە. لە وڵاتی من، رۆمانیا، ئێمە زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەی لێدەکەین. ئێمە پێی دەڵێین FIMI: دەستکاریکردن و دەستوەردانی زانیاریی بیانی.
ماڵپەڕێکی دیکە هەیە کە زۆر حەز دەکەم سەردانی بکەن: euvsdisinfo.eu. هەزاران کەیسی بەڵگەدار و وردی زانیاریی چەواشەکارانەی تێدایە. هەروەها ئامراز بۆ ناسینەوەی زانیاریی چەواشەکارانە و بۆ گرتنەبەری رێکار بۆ رووبەڕووبوونەوەی، پێشکێش دەکات.
ئەم مەترسییانە کاری میدیا جیدی و سەربەخۆکان زۆر گرنگ دەکەن. بۆیە حەز دەکەین سوپاسی رووداو بکەین بۆ بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، بەتایبەتی بۆ رووماڵکردنی بابەتیانەی هەڵبژاردنەکان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا و بۆ تیشکخستنە سەر بەشداریی گەنجان، بەربژێرانی ژن و دەنگدەرە گەنجەکان.
سوپاس بۆ رێکخستنی ئەم بۆنەیە. هیوای هەڵمەتێکی سەرکەوتووی هەڵبژاردن بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەخوازم، هیوای پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی سەرکەوتوو دەخوازم. زۆر سوپاس.
سەرچاوە/ ڕووداو