لە شەش رۆژی بانگەشەدا 20 سەرپێچی لە هەولێر تۆمارکراون




لە شەش رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، 20 سەرپێچی لە هەولێر تۆمارکراون.
 
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە شەش رۆژی بانگەشەدا، 20 سەرپێچی تۆمارکراون، پازەدەیان لابراون و پێنجیان سزادراون.
 
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: زۆربەی سەرپێچییەکان هەڵواسینی پۆستەرەکانە لەو شوێنانەی قەدەخەن. "پۆستەرەکان لە نزیک سووڕانەوەی ئۆتۆمبێل و ترافیک لایتەکان و بارەگا حکومییەکان هەڵواسرابوون، بۆیە بەربژێرەکان ناچارکراون لایانبدەن."
 
مەروان محەممەد گوتی: "پێنج سەرپێچیکار بە بڕی یەک ملیۆن دینار سزادراون."
 
سێی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد، لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرە سەربەخۆکان، لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشە پۆستەرەکانیان بە شەقامەکاندا هەڵواسی. بڕیارە 11ی تشرینی دووەم، دەنگدان بەڕێوەبچێت.
 


سەرچاوە/ ڕووداو



AM:10:17:09/10/2025




ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌