سەرۆکی تیمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 350 سەرپێچیی بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراوە. دەشڵێت، "هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات و هیچ کەسێکیش نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە."
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نوێنەر فاتح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و تەنیا دوو ئەرکی سەرەکییان ماوە بۆ تەواوکردن.
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوەدا، ئەو دوو ئەرکەی ماون بریتین لە: یەکەم، مەشق و راهێنانی کارمەندانی رۆژی دەنگدان بۆ سەر سندووقەکان، کە لە رۆژی شەممەوە دەستیپێکردووە. دووەم، دابەشکردنی کارتی نوێی دەنگدانی بایۆمەترییە، کە تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی ئەمڕۆ، ملیۆنێک و 400 هەزار کارتی دەنگدانی بایۆمەتر دابەشکراون و پرۆسەی دابەشکردنەکەش تاوەکو رۆژی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
ژمارەی دەنگدەران و هۆکارەکانی دەنگ نەدان
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن گوتی، نزیکەی 21 ملیۆن و 404 هەزار کەس کارتی بایۆمەتری و مافی دەنگدانیان هەیە؛ لەم ژمارەیە، 20 ملیۆنیان دەنگدەری گشتین، ملیۆنێک و 313 هەزاریان دەنگدەری تایبەتن و زیاتر لە 26 هەزاریشیان ئاوارەن، کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، جگە لە ئاوارەکانی شنگال کە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان دەنگ دەدەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام نزیکەی حەوت ملیۆن و 500 هەزار بۆ هەشت ملیۆن کەس بەهۆی نەبوونی کارتی دەنگدان ناتوانن بەشداری بکەن. عیماد جەمیل دەڵێت: "هۆکارەکان جیاوازن؛ بەشێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، بەشێکیان مردوون، هەندێکیشیان باوەڕیان بە هەڵبژاردن نییە و ئارەزووی بەشداریکردن لە پرۆسەکە ناکەن."
سزای سەرپێچییەکان و دوورخستنەوەی بەربژێرەکان
سەبارەت بە سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، عیماد جەمیل رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 350 سەرپێچی تۆمارکراوە، کە 120ـیان پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە لە رۆژی هەینی، 3ی تشرینی یەکەمی 2025. سەرپێچیکاران بە بڕی دوو بۆ 10 ملیۆن دینار سزا دراون. کۆمیسیۆن بەردەوامە لە تۆمارکردنی سەرپێچییەکان و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیان، سزاکان دوو هێندە دەبن.
جەمیل ئاشکرای کرد، سزاکان دەگەنە ئاستی دوورخستنەوەش. زیاتر لە 20 بۆ 30 بەربژێر بەهۆی سکاڵای لەسەریان دوورخراونەتەوە. هەروەها، 835 بەربژێر لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دوورخراونەتەوە، کە هۆکارەکانیان بریتی بوون لە پرسی لێپرسینەوە و دادپەروەری، هەبوونی بەڵگەی تاوان و کەموکوڕی لە بەڵگەنامەکانیاندا، لەوانەش 48 بەربژێر کە بەڵگەنامەی خوێندنیان بە تەواوی پێشکێش نەکردووە.
کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان و نهێنیی دەنگەکان
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە، زیاتر لە 40 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکراون و هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات. تەنیا خاوەنی کارتەکە دەتوانێت بەکاریبهێنێت و دوای بەکارهێنانیشی بۆ ماوەی 72 کاژێر لەکار دەکەوێت. کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکەن و هەر کەسێک ئەو تاوانە بکات، لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە. رەنگە ئامانج لە کۆکردنەوەی کارتی دەنگدەران، دابینکردنی هۆکاری گواستنەوە بێت بۆیان لە رۆژی دەنگداندا.
عیماد جەمیل دووپاتیکردەوە، هیچ کەسێک نازانێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە و ئەو بانگەشانەی لەوبارەیەوە دەکرێن تەنیا بۆ دروستکردنی گوشارە لەسەر دەنگدەر، چونکە هیچ کۆد و نیشانەیەک دەرناکەوێت کە ئاشکرای بکات دەنگ بە چ بەربژێرێک دراوە.
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.
سەرچاوە /رووداو