توێژینەوەیەک: خەڵکی عێراق نیمچە ئازادانە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن




فریدەم هاوس، ناوەندێکی ئەمریکییە و تایبەتە بە ئازادی هاووڵاتییان لە وڵاتانی جیهاندا لە نوێترین راپۆرتیدا بڵاویکردەوە، ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ئەمریکا و ئەڵمانیا کەمیکردووە، ئەمە لە کاتێکدا کە وڵاتانی رۆژئاوا رۆژ بە رۆژ سنوور و مەرجی زیاتر بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت دادەنێن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 13ی تشرینی دووەمی 2025، ناوەندەکە لە راپۆرتەکەیدا بڵاویکردەوە، بۆ 15ـەمین ساڵی لەسەر یەک ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە جیهاندا کەمیکردووە بەتایبەت لە بەشێکی ئەو وڵاتانەی پێشتر بە "ئازاد" پۆلێنکرابوون. 
 
کین ڤیتسەنسن، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی راپۆرتەکە رایگەیاند، سەرکوتکردنی خەڵک لەو وڵاتانەی دەسەڵاتەکانیان تاکڕۆییە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت، چونکە حکومەتەکانیان پێیانوایە سنووری زیاتر بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و ئازادی رادەربڕین رێگەیەکە بۆ ئەوەی زیاتر لە دەسەڵات بمێننەوە. 
 
دەشڵێت، ئەم ساڵ دیموکراسی کە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی ئازادییە لە پاشەکشەدابووە. گوتیشی، "بەداخەوە، ئەمەمان لە ئەمریکای باکوور و رۆژئاوای ئەورووپا بینیووە". 
 
لە راپۆرتی دامەزراوەکەدا هاتووە، ئەیلوولی ئەم ساڵ، ئەمریکا لە رووی ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە، 73 لەسەر 100ـی وەرگرت؛ ئەمەش سێ خاڵی کەمترە لە پار. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئەمریکا کراوە کە بەهۆی دەربڕینی بۆچوونەکانیان لە ئینتەرنێتەوە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەستگیرکراون. 
 
ئەڵمانیا 74 خاڵی بەدەستهێناوە کە سێی لە پار کەمترە. فریدەم هاوس دەڵێت، ئەڵمانیا ژمارەیەک سانسۆری زیاتری بۆ بەکارهێنان و رێگری لە بڵاوکردنەوەی گوتاری رقئامێز داناوە. 
 
زۆرترین کەمبوونەوەی ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە کینیا، ڤەنزوێلا و جۆرجیا تۆمارکراوە. هەروەها، لە سڕبیا و نیکاراگواش ئازادییەکە کەمبووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا عێراقیش بە نیمچە ئازاد داندراوە و 41 خاڵی لە 100 هەیە. 

سەرچاوە / رووداو



AM:10:15:13/11/2025




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌