رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ رایگەیاند، بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، پێشێلکارییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا کەمتر بوون، بەڵام دیاردەی وەکو کڕینی دەنگ و پێشێلکردنی نهێنیی دەنگدان "خەسڵەتێکی هاوبەش"ـی زۆربەی هەڵبژاردنەکان بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12-11-2025 رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، سوپاسی رووداوی کرد بۆ رووماڵکردنی پرۆسەکە و رایگەیاند، سەنتەری میترۆ وەکو بەشێک لە هاوپەیمانیی رێکخراوەکان بۆ چاودێریی هەڵبژاردن، لە سەرتاسەری عێراق چاودێریی پرۆسەکەیان کردووە و دوو راپۆرتیان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئامادە کردووە.
819 پێشێلکاری تۆمارکراون
سەبارەت بە کۆی گشتیی پێشێلکارییەکان، رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی: "بەپێی تۆمارەکانی ئێمە، 819 پێشێلکاری لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراون." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە 53 حاڵەتی تووندوتیژی هەبووە کە لەنێویاندا چەکی تێدا بەکارهاتووە.
رەحمان غەریب باسی لە جۆری پێشێلکارییەکان کرد و گوتی: "زۆرینەی پێشێلکارییەکان پەیوەندییان بە پێشێلکردنی پرەنسیپی دەنگدانی نهێنییەوە هەبوو. هەروەها دیاردەی وەک هێنانی مۆبایل بۆ ناوەندەکانی دەنگدان، بەکۆمەڵ چوونە ژوورەوە، رێگریکردن لە چاودێران و بڵاوکردنەوەی کارتی دەنگدان لە کاتی پرۆسەکەدا تۆمارکراون."
بە گوتەی رەحمان غەریب، ئەم هەڵبژاردنە "بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، پێشێلکارییەکانی کەمتر بوون،" بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان "پێشێلکارییەکان زۆر زۆر کەمتر بوون بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
"سیستمی هەڵبژاردن نادادپەروەرییە"
رێکخەری سەنتەری میترۆ رەخنە لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێت کە قسەیان بۆ ئەوانە نەبووە بایکۆتیان کردووە و دەڵێت:"خیتابێکیان نییە بۆ ئەو کەسانەی دەنگیان نەداوە، هاووڵاتیی ئەم وڵاتەن و ناڕازین."
راشیگەیاند:" پێویستە حیزبەکان لێکۆڵینەوە بکەن و بزانن "بۆچی خەڵک دەنگیان نەداوە،" و دەنگی پووچەڵیشی وەکو "گوزارشتێک لە ناڕەزایەتی"ی خەڵک ناوبرد لە دۆخی سیاسی و خزمەتگوزاریی وڵات هەیانە.
رەحمان غەریب رەخنەی لە سیستمی هەڵبژاردن گرت و بە "نادادپەروەر" ناوی برد و دەڵێت: "حیزبێک ملیۆنێک دەنگ دەهێنێت، بەڵام لە ئەنجامدا نزیک دەبێتەوە لە ژمارەی کورسیی ئەو لایەنەی کە بە چەند سەد هەزار دەنگێک سەرکەوتووە." داوای کرد ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت و ببێتە مەرجێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو.
سەرچاوە / رووداو