کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، کۆی گشتیی ئەو سکاڵایانەی لە دەنگدانی تایبەتی و گشتیی تۆمارکراون بۆ 101 سکاڵا بەرزبووەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتییدا 101 سکاڵا تۆمارکراون، بە جۆرێک 44 سکاڵا لە دەنگدانی تایبەت و 57 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی تۆمارکراون.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، ئێستا کۆمیسیۆن سەرقاڵی پۆلێنکردنی سکاڵاکانە.
دوێنێ چوارشەممە جومانە غەلای، بە رووداوی گوت، لە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیدا 48 سکاڵا تۆمارکراون، 39 سکاڵا لە دەنگدانی تایبەت و 9 سکاڵا لە دەنگدانی گشتی تۆمارکراون.
تاوەکو کۆتایی دەوامی دوێنێ چوارشەممە وەرگرتنی سکاڵان بەردەوام بوو.
رۆژی سێشەممە 11-11-2025 پرۆسەی دەنگدانی گشتی و رۆژی یەکشەممەش دەنگداتی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە (12-11-2025) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە.
سەرچاوە / رووداو