رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودیریی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئەم هەفتەیە یەکلاییکردنەوەی 103 سکاڵای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی 11 سندووق تەواو دەکرێن. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رادەگەیێنرێت.
ئەمڕۆ شەممە 15-11-2025، هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان، لەبارەی کاتی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر گوت، ''کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، 111 سندووق لە بەغدا هەژماری دەستییان بۆ دەکرێت و 103 سکاڵاش هەن کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەیە.''
بەگوتەی هۆگر چەتۆ، ''لەوانەیە ئەم هەفتەیە ئەو رێکارانە تەواو بکرێن و سەرەتای هەفتەی داهاتووش کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە رابگەیێنێت و پەسند بکرێت.''
دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە، وەک رێکخەری تۆڕی شەمس دەڵێت، ''ئەوانەی زیانمەند دەبن لە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن، مافیان هەیە لە ماوەی سێ رۆژدا لە دادگەی تایبەتمەندی هەڵبژاردن تانە لە ئەنجامەکە بدەن. دادگەش 10 رۆژی لە بەردەمە بۆ ئەوەی سکاڵاکان یەکلایی بکاتەوە.''
هۆگر چەتۆ ئاماژەی بە کاریگەریی ئەو 103 سکاڵایە کرد کە لەکاتی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا تۆمارکراون و گوتی، دوو جۆرە کاریگەرییان هەیە؛ یەکەم، لەسەر کورسیی لایەنێک بۆ لایەنێکی دیکەیە. دووەم، لەسەر دەنگی بەربژێرەکان.
رێکخەری تۆڕەکە دەڵێت، ''هەندێک جار هەندێک حاڵەتمان هەیە بەربژێرێک لەگەڵ بەربژێرێکی دیکە تەنیا 20 بۆ 30 دەنگیان جیاوازی هەیە. ئەگەر تۆ بە 30 دەنگ لەپاش بووبیت و سندووقێک هەژمار بکرێتەوە و 40 دەنگی تێدا بهێنی، لەوانەیە پێشبکەویت. بۆیە تاوەکو سکاڵاکان یەکلایی نەبنەوە، ئەنجامەکان 100٪ـی نابن.''
رۆژی 09-11-2025 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، ژمارەی کورسیی لایەنە کوردستانییەکان بەمشێوەیەیە:
- پارتی دیموکراتی کوردستان: 27
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 18
- رەوتی هەڵویست: 5 کورسی
- جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 3 کورسی
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 4 کورسی
- کۆمەڵی دادگەریی کوردستان:1 کورسی
سەرچاوە/ ڕووداو