رێکخەری تۆڕی شەمس: هەر بەربژێرێک دووربخرێتەوە، دەنگی خۆی و دەنگەکانیشی بۆ لیستەکەی دەسڕدرێتەوە




رێکخەری تۆڕی شەمس رایگەیاند، هەر بەربژێرێک دووربخرێتەوە، دەنگی خۆی و دەنگەکانیشی بۆ لیستەکەی دەسڕدرێتەوە.  
 
‌هۆگر چەتۆ، رێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ دووشەممە 17-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر بەربژێرێک دووربخرێتەوە، دەنگی خۆی و دەنگەکانیشی بۆ لیستەکەی دەسڕدرێتەوە.
 
رێکخەری تۆڕی شەمس روونیکردەوە، یونس قاسم شەغاتی، بەربژێری حەسمی نیشتمانی لە بەغدا، کە لە هەڵبژاردندا 15,363 دەنگی بەدەستهێنابوو، دەنگەکانی دەسڕدرێتەوە و دەنگەکانیشی بۆ لیستەکەی دەسڕدرێتەوە، بەمەش کورسییەکی حەسم لە بەغدا بۆ پارتی تەقەدووم دەڕوات.
 
‌هۆگر چەتۆ گوتی، ئەو لیست و بەربژێرانە مافی خۆیانە لە دادگە تانە لەو بڕیاربدەن و دواتر دادگە ئەمە یەکلادەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی شەش بەربژێری دەکرد، کە سیانیان سەر بە حەسمی نیشتمانین.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تەنیا هۆکاری دوورخستنەوەی یەکێک لە بەربژێرەکانی ئاشکرا کردووە، کە بە گوتەی ئەنجوومەنەکە، هۆکارەکەی "پێشکێشکردنی بڕوانامەی ساختە" بووە.
 
ئەو بەربژێرانەی دوورخراونەتەوە ئەمانەن
 

- یونس قاسم شەغاتی، بەربژێری حەسمی نیشتمانی لە بەغدا، کە لە هەڵبژاردندا 15.363 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرچووە.
 
- نەوفەل شەریف جەودەت، بەربژێری پێکهاتەی سابیئی, 2.344 دەنگی بەدەستهێنابوو، دەرنەچووە.
 
- نیهاد فەیسەڵ عەتاڵڵا، بەربژێری سەربەخۆ لە ئەنبار، بە تۆمەتی پێشکێشکردنی بڕوانامەی ساختە، کە تەنیا 63 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرنەچووە.
 
- هیبە تۆفیق هەمزە، بەربژێری حەسمی نیشتمانی لە بەغدا، 276 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرنەچووە.
 
- خزەیر علێوی سەبار، بەربژێری حەسمی نیشتمانی لە نەینەوا، 2.947 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرنەچووە.
 
- ئەحمەد ئەسعەد زەین عابدین، بەربژێری هاوپەیمانیی سەلاحەدینی یەکگرتوو – پارێزگای سەلاحەدین، کە 8.844 دەنگی بەدەستهێنابوو و دەرنەچووە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئەو بەربژێرانە دوور دەخرێنەوە و دەنگەکانیشیان بلۆک دەکرێن.
 
رۆژی یەکشەممە، 09-11-2025، دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە، 11-11-2025، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. 
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 12-11-2025، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند

سەرچاوە/ ڕووداو



AM:11:51:18/11/2025




ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌