سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتی تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تەواو دەبێت. راشیگەیاند "نزیکەی 250 تانە تۆمارکراون."
ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 17ی تشرینی دووەمی 2025 راگەیێندرا و رۆژی دواتر تانەدان لە ئەنجامەکە دەستیپێکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی گوت: "کاژێر 03:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تانەدان لە ئەنجامەکان دەوەستێت و ئیتر لایەنەکان و بەربژێرەکان ناتوانن تانە تۆمار بکەن."
عیماد جەمیل، گوتی: "لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 250 تانە لەلایەن حیزب و بەربژێرەکانەوە تۆمارکراون."
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "تانەدان لە 18ی ئەم مانگەوە دەستیپێکرد و بەپێی ئەو کاتەی بۆی دیاریکراوە، ئەمڕۆ کۆتایی دێت."
تانەدان لە ئەنجامەکان، قۆناخی بەر لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتاییە لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە. بە گوتەی نەبەرد عومەر، "ئەو تانانە لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و ئەگەر تانەکە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی دیکە بوو، داوا لە کۆمیسیۆن دەکات کە ئەو ئامێر و کەرستانەیان بۆ بهێنێت کە پێویستیان پێیەتی."
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی تانەکان بۆ دەستەی دادوەری نێردران کە لە سێ دادوەر پێكهاتوون، ئەو دەستەیە 10 رۆژی لەبەردەم دەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی تانەکان، بۆ ئەوەی ئەنجامی کۆتایی رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵی بکرێت بۆ پەسندکردن."
رۆژی 9ی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی تایبەت و رۆژی 11ی هەمان مانگ هەڵبژاردنی گشتی بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
سەرچاوە/ ڕووداو