زۆر کەس وادەزانن بەکارهێنانی بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد وەک ChatGPT بۆ دۆزینەوەی زانیاری، جێگرەوەیەکی باشە بۆ بەکارهێنانی گەڕانی ئاسایی لە گووگڵ، چونکە کارەکە ئاسان دەکات و یەکسەر وەڵامەکەت پێ دەدات، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، ئەم ئاسانکارییە باجێکی هەیە: مێشکت کەمتر فێر دەبێت.
ئەم ئەنجامانە لە توێژینەوەیەکی نوێدا لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی ئەمریکی (PNAS Nexus) بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرا کراون.
هەروەها "شیری مێلوماد"، پرۆفیسۆرە لە قوتابخانەی وارتن لە زانکۆی پێنسیلڤانیا و یەکێکە لە نووسەرانی توێژینەوەکە، وردەکارییەکەی بۆ پێگەی The Conversationی ئەمریکی باس کردووە.
توێژینەوەکە چی دۆزیوەتەوە؟
توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر زیاتر لە 10 هەزار کەس کردووە. خەڵکەکەیان کردووە بە دوو گرووپەوە و داوایان لێکردوون لەسەر بابەتێک زانیاری کۆبکەنەوە:
گرووپی یەکەم تەنیا ژیریی دەستکردیان بەکارهێناوە.
گرووپی دووەم گەڕانی ئاسایی گووگڵیان بەکارهێناوە.
ئەنجامەکە چی بوو؟
کاتێک داوایان لێکردن ئەو زانیارییانەی فێری بوون بۆ هاوڕێیەکیانی بنووسن:
• ئەوانەی ژیریی دەستکردیان بەکارهێنابوو وەڵامەکانیان زۆر کورت بوو، زانیارییەکانیان رووکەش و گشتی بوون و وردەکاریی تێدا نەبوو.
• ئەوانەی گووگڵیان بەکارهێنابوو وەڵامەکانیان تێر و تەسەل بوو، زانیاریی قووڵ و وردتریان نووسیبوو.
بۆچی گەڕانی گووگڵ باشترە بۆ فێربوون؟
پرۆفیسۆرەکە دەڵێت: کاتێک لە گووگڵ دەگەڕێیت، مێشکت ماندوو دەبێت؛ چاوت بە چەندین بەستەر (لینک) دەکەوێت، دەخوێنیتەوە، خۆت زانیارییەکان لێک دەدەیتەوە؛ ئەم ماندووبوونە وادەکات بابەتەکەت لەبیر بمێنێت و باش فێری بیت.
بەڵام کاتێک ژیریی دەستکرد بەکاردێنیت، رۆبۆتەکە هەموو ماندووبوونەکە لەجیاتی تۆ دەکێشێت و پوختەکەت دەداتە دەست، بۆیە پرۆسەی فێربوونەکە لە "چالاکەوە"ـەوە دەگۆڕێت بۆ "ناچالاک" و تەمبەڵانە، ئەوەش وادەکات زانیارییەکەت لاواز بن.
مەترسییەکانی دیکە چین؟
بەپێی بابەتەکە چەند لایەنێکی دیکەش لێکۆڵینەوەیان کردووە:
زانکۆی کارنێگی مێڵن و کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە توێژینەوەیەکدا دەریانخستووە کە ئەوانەی زۆر پشت بە ژیریی دەستکرد دەبەستن، توانای "بیرکردنەوەی رەخنەگرانە"یان دادەبەزێت و مێشکیان تەمبەڵ دەبێت.
توێژینەوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە ئەو خوێندکارانەی زۆر پشت بە ChatGPT دەبەستن، تووشی "لەبیرچوونەوە" دەبن و نمرەکانیان دادەبەزێت.
لەگەڵ هەموو ئەو مەترسییانەشدا، هێشتا گەورە کۆمپانیاکانی وەک OpenAI و مایکرۆسۆفت خەریکی گرێبەستی گەورەن لەگەڵ زانکۆکان بۆ ئەوەی ئەم تەکنەلۆجیایە زیاتر بخەنە نێو کەرتی پەروەردەوە.