سیستەمی دەسەڵاتداری هۆکاری پێشێلکارییەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس
ژنانی ڕۆژنامەنووس بنیاتنەری کۆمەڵگەیەکی هۆشیارن، بەڵام بەهۆی سیستەمی دەسەڵاتدارییەوە و کولتووری پیاوسالاری ڕۆژبەڕۆژ پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ژنان زیاتر دەبن، ئەم پێشێلکارییانە هەموو بوارەکانی گرتووەتەوە، یەکێک لەوانەش بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییە و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: سیستەمی حوکمرانی لە باشووری کوردستان سیستەمێکی نادیموکراسییە، بۆیە پێشێلکارییەکان زیاد دەبن.
ڕۆڵی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکانی ڕاگەیاندندا
ژنانی ڕۆژنامەنووس لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر دەگێڕن، دەتوانن ببنە دەنگی ژنان و گرووپە پەراوێزخراوەکان و درووستکردنی هاوسەنگی لە میدیاکاندا، چونکە تەنها بە ئامادەبوونی پیاوان تێڕوانینی میدیا یەک لایەنە دەبێت، لەبەر ئەوەی ژنان تێڕوانینێکی فراوانتر و شیکردنەوەی وردتر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و هەستیاری زیاتر بەرامبەر مافەکانی مرۆڤیان هەیە.
هاوکات ئامادەبوونی ژنان بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی پەیامێکە کە دەتوانن ببنە شیکەرەوەی سیاسیی، پەیامنێری جەنگ و ڕەخنەگری دەسەڵات و حکومەت، ئەو ئامادەییەی ژنان نەریتە کۆمەڵایەتییەکان دەشکێنێت.
بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان لە کۆی هەشت هەزار ڕۆژنامەنووس، ٨٠٠ ڕۆژنامەنووسیان ژنن و ئەندامی سەندیکاکەن، لەو ژمارەیەش ١٥ ژن وەک خاوەن ئیمتیاز، ١٧ ژن وەک سەرنووسەری ڕۆژنامە، ١٣ ژن وەک خاوەن ئیمتیازی ماڵپەر و هەشت ژن وەک سەرنووسەری ماڵپەر ناویان تۆمار کراوە.
پێشێلکارییەکان دژ بە ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان
بەدرێژایی مێژوو ژنانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی بەدواداچوونەکانیان بۆ ڕاستی و دادپەروەری ڕووبەڕووی هەڕەشە، هەراسانکردن، توندوتیژیی جەستەیی، دەستگیرکردن، زیندانییکردن و تیرۆرکردن بوونەتەوە، کە بەپێی ئاماری ساڵانەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکییکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا لە ١٠٪ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامووسانی ژن کراوە.
سەرەڕای ئەوەش ژنانی ڕۆژنامەنووس بە شێوەیەکی سیستەماتیکی لە لایەن دەسەڵاتداران، هێزە ئەمنییەکان و دەستێوەردانی دەوڵەتانی داگیرکەر و دەوڵەتی تورک بەتایبەتی وایکردووە ڕۆژنامەنووسانی ژن بەئامانج بگیرێن.
لە ماوەی ٣٣ ساڵی حوکمڕانی کوردی و بە هەماهەنگی پەدەکە و دەوڵەتی تورک ١٢ ڕۆژنامەنووسی ژن لە باشووری کوردستان شەهیدبوون.
لە ساڵی ١٩٩٤ ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی بە ناوی "لیسی شمیت” لە نێوان ڕێگەی عەربەت و سلێمانی تێرۆر کرا.
لە ساڵی ١٩٩٦ـدا لە هێرشەکان بۆسەر ناوەندی کەناڵی مەد تیڤی و ڕۆژنامەی ڕۆژ و وڵاتی ڕۆژدا لە هەولێر شەش ژنە ڕۆژنامەنووس شەهیدکران، هێشتا تەرمەکانیان نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خانەوادەکانیان.
لە ساڵی ٢٠١٤ دەنیز فرات (لەیلا یڵدزتان) لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر مەخموور شەهیدبوو، نوژیان ئەرهان (توبا ئاکیلماز) لە ساڵی ٢٠١٧، لە شنگال کاتێک دەنگی ژنانی ئێزدی بۆ ڕای گشتیی دەگەیاند بەهۆی هێرشی پەدەکەوە شەهیدبوو، ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە نزیکی ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە هێرشێکی میتدا تیرۆر کرا، لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ـدا گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادقی سەربە پارێزگای سلێمانی شەهیدبوون.
لە ڕۆژی ٣١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ ئاسایشی سلێمانی بەبێ هیچ هۆکارێکی ڕوون کارەکانی کۆمپانیای "گزنگی بەربەیان”ـی ڕاگرت کە بەرنامەی بۆ تەلەڤزیۆنی ژن تیڤی لە باشووری کوردستان بەرهەم دەهێنا.
ئەوان تەنیا ڕۆژنامەنووس نەبوون، بەڵكو یادەوەری ژنانی کورد بوون، دەنگی گەل و پێشەنگەکانی بەدواداچوون بۆ حەقیقەت بوون.
سەبارەت بەو پرسە ئاژانسی ڕۆژنیوز لێدوانی لە دوو دامەزراوەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی وەرگرت.
"سیستەمی حوکمرانی لە باشووری کوردستان سیستەمێکی نادیموکراسییە”
کاشما فارووق ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی ڕۆشنبیرانی کورد لە بەریتانیا پێیوایە، لەبەر ئەوەی سیستەمی حوکمرانی لە باشووری کوردستان سیستەمێکی نادیموکراسییە پێشێلکارییەکان زیادی کردووە، زیادبوونی ژمارەی حزبە سیاسییەکان بە مانای دیموکراسی نییە و هەتا ژمارەی حزبەکان زیاد بێت کێشە و گەندەڵییەکان و پێشێلکارییەکان زیاتر دەبن.
"هێشتا بۆ کۆمەڵگە نامۆیە ژن ڕۆژنامەنووس بێت”
دەشڵێت: کاتێک ڕۆژنامەنووس پیشەییانە دەست بخاتەسەر گەندەڵییەکی حزبێک ئەوە حزبەکە بەهێزەوە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسەکە دەبێتەوە، هێشتا بۆ کۆمەڵگە نامۆیە ژن ڕۆژنامەنووس بێت، چونکە نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە بەرزە کە تێیان بگەیەنین ژنان مافی ئەوەیان هەیە لەو بوارە کار بکەن و گەشە بکەن.
"بەریتانیا لە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی ڕۆژنامەنووس ئاگادار دەکرێتەوە”
کاشما فاروق ڕۆژنامەنووس دەشڵێت: لە ڕێکخراوەکە گۆشەیەکی تایبەت بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی ڕۆژنامەنووس هەیە و بە بەڵگەوە پێشێلکارییەکان تۆمار دەکرێت و لە ڕێگەی پەرلەمانی بەریتانیاوە حکومەت لە بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان ئاگادار دەکرێتەوە، چونکە دەسەڵات لەکاتی سەردانەکانی بۆ ئەو وڵاتە بەشێوازێکی دیکە ئاماژە بە پێشێلکارییەکان دەکات، ماڵپەرەکە لەژێر چاودێری حکومەتی بەریتانیا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها کەیسەکان بە ویستی خۆیان بە نهینی و پارێزراوی دەهێڵینەوە و بە کردار پاڵپشتیان دەکەین.
"کاتێک پاڵپشتی ڕاستەقینەی خۆمان کرد ئەوە خێزان و کۆمەڵگەش پاڵپشتیمان دەکەن”
ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر دەنگ بەرزکردنەوەی ژنان لەبەرامبەر پێشێلکارییەکان و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ژنان پشتگیری خۆیان نەکەن ئەوە چاوەڕێی پاڵپشتی دەوروبەر نەبن، کاتێک پاڵپشتی ڕاستەقینەی خۆمان کرد و هەڵوێستمان هەبوو ئەوە خێزان و کۆمەڵگەش پاڵپشتیمان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، گەر ژنێک لە دەزگای ڕاگەیاندنی حزبی گەورە کار بکات و کاتێک ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبێتەوە ناتوانێت باسی بکات چونکە ڕووبەڕووی پێشێلکاری گەورەتر دەبێتەوە.
"سەنتەری میترۆ زیاتر گرنگی بە ژنانی ڕۆژنامەنووس داوە”
هاوکات هەر سەبارەت بەو پرسە، سێوە سیروان بەرپرسی پەیوەندییەکانی سەنتەری میترۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، سەنتەری میترۆ ١٦ ساڵە بۆ بەرگریکردنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان کار دەکات و بە تایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس، هەروەها بۆ تۆمارکردنی سکالاکان چەند ڕێکاری تایبەت هەیە لەوانە، پڕکردنەوەی فۆڕمێک لە ماڵپەری سەنتەرەکە، پەیوەندیکردن و سەردانیکرنی سەنتەرەکە، هەروەها لیژنەیەکی تایبەت بەو بارودۆخانە دانراوە و کاری پێویستی لەسەر دەکریت.
"لیژنەیەکی تایبەت و نهێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دانراوە”
دووپاتیکردەوە، بەپێی ڕاپرسییەکان و ڕاپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆ دەرکەوتووە، زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر بە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێت وەک، ناوزراندن، هەراسانکردنی زارەکی و جەستەیی، ئەلێکترۆنی و پێنەدانی پلە و پێگەی باڵا بە ژنان. ژنانی ڕۆژنامەنووس دڵنیا دەکەینەوە بۆ کێشەکانیان لیژنەیەکی تایبەت و نهێنی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک ئاگادار بێت.
سەرچاوە/ ڕۆژ نیوز